لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی: ڕێگە بەهیچ هاوڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوونی بە ڕێکارە تەندروستییەکان سەردانی فەرمانگەکان بکات
کوردسات نیوز
٢٤ی تەمووزی ٢٠٢١
٥٩٦
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بۆ هەڵسەنگاندنی رەوشی كۆرۆنا كۆبۆوە و بڕیاریدا، پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان بن، بەتایبەتی بەكارهێنانی ماسك و پاراستنی دووریی نێوانیان و دووركەوتنەوە لە هەر بەریەككەوتن و كۆڕو كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك، هەروەها پێویستە هاووڵاتیان ڤاكسینی پێویست وەربگرن وەك ڕێگایەكی پەسەندكراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنوورداركردنی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكە.
هاوكات پێویستە هەموو كارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتییەكان و كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان بن و ڕێگە بە هیچ هاووڵاتییەك نادرێت بەبێ پابەندبوون بە ڕێكارەكانەوە سەردانی فەرمانگەكان بكات.
سەبارەت بە ئەنجامدانی چالاكییەكانیش رایگەیاند، پێویستە هەموو چالاكییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێكخراوەیی و كۆمەڵایەتی، كە دەبنە مایەی تێكەڵاوبوون و بەریەككەوتن ڕابگیرێت، پێویستە دەزگاكان و دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن هاوكارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا.