ھەروەھا لەبارەی دۆسییەی گومرگەکانەوە داوای کردووە حکومەت ھەنگاوی جددی و خێرا بگرێتەبەر، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان لە ھاوردەکردنی کاڵاکان بەرێگەی قاچاغ ، سەبارەت بە  باج و رسومات داوایکردووە حکومەت عەدالەت جێبەجێ بکات لە وەرگرتنی باج کە بەشیوەیەک نەبێ لە ھەندی کۆمپانیا وەربگیرێت و لە ھەندێکی تر وەرنەگیرێت، لەبارەی کۆکردنەوەی داھاتی کارەبا پەرلەمان  دەڵێت پێویستە پێداچوونەوەی جددی بکرێت لە گرێبەستەکان و  کۆکردنەوەی داھاتی کارەبا، جگە لەوە پەرلەمان بە پێویستی زانیوە حکومەت دیراسەتێکی جددی بکات لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی مووچەخۆرانی (گرێبەست و وانەبێژان) تا دڵنیابن لە داھاتووی خۆیان.


راسپاردەکان 
لەسەر داوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە رۆژی ٢٨-٦-٢٠٢١ ھەرسێ لیژنەی یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، وزە و سامانە سرووشتییەکان و پێشەسازی و بازرگانی، لەبەر رۆشنایی کۆبوونەوەی (١٧کاژێری) پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تیمی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر دۆخی دارایی لە ھەرێمی کوردستان. لە رۆژی ٧-٧-٢٠٢٠ ھەر سێ لیژنەی پەرلەمانی کۆبوونەوی ھاوبەشی خۆیان ئەنجام دا و ئەم راسپاردانەی خوارەوەیان ئامادەکرد کە ئاراستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بە مەبەستی کۆتاییھێنان بە (لێبڕینی مووچە و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی تەواوی داھاتەکان بۆ خەزینەی حکومەت).
 
راسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان خۆی لە شەش تەوەر دەبینن، ھەر ھەموویان یارمەتیدەر دەبن بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە دەستی کراوە دەبێ بۆ باشتر کۆکردنەوەی داھات، کە بە شێوەیەک دابەشبکرێت کە چی دیکە پێدانی مووچە لە ھەرێمی کوردستان دوانەکەوێت و بەبێ لێبڕینی ٢١٪ دابەشبکرێت.
 
ھەروەھا باشترکردن و رێکخستنەوەی داھات لە ھەرێمی کوردستان، رۆژانە ئەو داھاتە کۆبکرێتەوەو بە ئامانجی ئەوەی ھەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچە دابەشبکرێت و لەکاتی خۆیدا و بەکەمترین ماوە مووچە بگاتە دەست مووچەخۆران.
 
ھەروەھا داوادەکەین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری جددی بکات بۆ ئامادەکردن و ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو لانیکەم شەفافییەت لە داھات و خەرجیی حکومەت بەدیبکرێت و، دادپەروەری ھەبێت لە دابەشکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان.
 
یەکەم: دۆسییەی نەوت:
 
حکومەت پەلە بکات لە ئەنجامدانی چاکسازی لە مەلەفی نەوت بە گوێرەی رێکارە یاساییەکان، بە شێوەیەک لە کرێ و خەرجی کۆمپانییاکانی نەوت، بە ئاراستەی ئەوەی خەرجی نەوتی کە (٥٨٪) کەمبکرێت و زۆرترین داھاتی نەوت بۆ حکومەت بگەڕێتەوە. بۆیە داوا دەکەین، رێکخستنەوە لە گرێبەستەکانی نەوتدا بکرێت، ھەروەھا کەرتی نەوت بەرەو پێشەسازی ببردرێت. ئەمەش یارمەتیدەردەبێت بۆ حکومەت لەبەردەستبوونی داھاتی زیاتر، لانیکەم بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆران بە بێ لێبڕین.
 
داوا دەکەین حکومەت ئەم ھەنگاوانە بە خێرا بگرێتەبەر بۆ زیاتکردنی داھاتی نەوت وەک ئەوەی لە دوایین راپۆرتی دیلۆیتدا ھاتووە:
 
١- پێداچوونەوە و وردبینیکردن بە خەرجیی کۆمپانیاکانی نەوت (کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری، سیستەمی پێدانی مووچە و بەکرێدانی ئالییات، پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیاکان لەلایەن کۆمپانیای ئەمنی کەرتی تایبەتەوە).
٢- پێداچوونەوە بە گرێبەستی کرێی بۆری نەوت.
٣- پێداچوونەوە بە سیستەمی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەک ئەو داشکانەی دەکرێت بەرەو کەمکردنەوە بچێت.
 
دووەم: دۆسییەی گومرگەکان:
 
١- لیژنەی دارایی و کارۆباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی مەیدانی بۆ دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە. ئەوەی بەدیکراوە لە گومرگەکانی فەرمی و نافەرمی، وەک پێویست داھاتەکانی بۆ حکومەت کۆناکرێتەوە و ناگەڕێتەوە خەزینەی حکومەت. بۆیە داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەنگاوی جددی و خێرا بگرنە بەر، بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان لە ھاوردەکردنی کاڵاکان بەرێگەی قاچاغ و کاری قاچاخچییەتی. ئەمە وادەکات داھات زیادببێت.
 
٢- ئەنجوومەنی وەزیران پەلە بکات لە وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەسەر گرێبەستەکانی حکومەت لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی خزمەتگۆزاری پێشکەش دەکەن لەنێو دەروازە سنوورییەکان بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی حکومەتدابێت کە لانیکەم گرێبەستەکان (٥٠ بە ٥٠) بێت. ھەروەھا ھەندێ کۆمپانیا لە خاڵە سنوورییەکان کارەکانیان حکومەت خۆی بیکات وەک (تەعقیم، سۆنەر، قەپان و راگەیاندنی گومرگی).
 
٣- سیستەمی بانکی ئەلیکترۆنی لە دەروازەکان دابنرێت، رۆژانە کۆی داھاتی دەروازەکان بە شەفافییەت تێیدا تۆماربکرێت، ئەم سیستەمە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ھەبێت کە رۆژانە چاودیریی داھاتی دەروازەکان بکرێت.
 
٤- دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە ھەرێمی کوردستان دابمەزرێت، بۆ ئەوەی یەک سیاسەتی دەروازە سنورییەکان لە ھاوردەکردن و داھات ھەبێت.
 
سێیەم: باج و رسوومات:
 
رێکخستنەوە و سیاسەتی ئێستای باج لە ھەرێمی کوردستان لەسەر ھاونیشتمانیانی کەمدەرامەت رەنگی داوەتەوە
ھەست دەکرێت لە کۆکردنەوەی باج دادپەروەری نییە لە نێوان پارێزگاکان، پێویستە ئەنجوومەنێکی ھاوبەش دروستبکرێت بۆ دانانی ستراتیژییەتی باج تاوەکو (فەجوا) لە کۆمەڵگە دروست نەبێت. ئەم ئەنجوومەنە لەنێوان ھەر یەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پێشەسازی، دەستەی وەبەرھێنان بۆ ئەوەی سیاسەت و سیستەمێکی رێکخراو ھەبێ لە وەرگرتنی باج. ھەروەھا عەدالەت ھەبێ لە وەرگرتنی باج کە بەشیوەیەک نەبێ لە ھەندێ کۆمپانیا وەربگیرێت و لە ھەندێکی دیکە وەرنەگیرێت.
 
چوارەم: کۆکردنەوەی داھاتی کارەبا:
 
پێویست دەکرێت پێداچوونەوەی جددی بکرێت لە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داھاتی کارەبا، چونکە حکومەت خۆی دەڵێت داھاتی کارەبا وەک پێویست کۆناکرێتەوە. ھەروەھا ھەنگاوی جددی بھاوێژرێت بۆ بڕینی ھێڵی کارەبا کە دەدزرێت. ئەمەش وا دەکات داھاتی کارەبا زیاتر کۆبکرێتەوە. کە مانگانە ٨٠ ملیۆن دۆلار خەرجی کارەبا ھەیە و داھاتەکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە؟
 
ھەروەھا قەرزەکانی حکومەت لای ھاونیشتمانییان بە پلانێکی نوێ وەربگرێتەوە کە دیدڵاینەکەی ٥ ساڵ بێت بە شێوەیەکی قیست، ئەویش قەرزی (کارەبا، ئاو و قەرزەکانی دیکە) کە ساڵانە ٢٠٪ وەربگیرێت.
 
پێنجەم: جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی
 
داوا لە حکومەت دەکەین ھەموو ھەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و نەھێشتنی رێگرییەکانی بەردەم ئەم یاسایە و ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی ئاستەنگ بۆ ئەم یاسایە دروست دەکەن. داھاتی یاساکەش بەشێوەیەکی دادپەروەرانە وەک لەنێو خۆدی یاساکەدا ھاتووە بۆ زیادکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەبێ کە کەمترین مووچەیان ھەیە.
 
شەشەم: مووچەخۆرانی گرێبەست و وانەبێژان
 
پێویستە لەسەر حکومەت دیراسەتێکی جددی بکات لەسەر چارەسەرکردنی گرفتی مووچەخۆرانی (گرێبەست و وانەبێژان) لە ھەرێمی کوردستان، تاوەکو دڵنیابن لە داھاتووی خۆیان.