قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی ڕووسیا کۆبووەوە
٦ی تەمووزی ٢٠٢١
٨٨٩
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ڕووسیا کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
جێگری سەرۆک وەزیران، ستایشی ڕۆڵی ڕووسیای کرد لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت چالاکی کۆمپانیا ڕووسییەکان و ھیواشی خواست پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ھەرێم و ڕووسیا پەرەی زیاتری پێ بدرێت و داوایکرد لە باڵیۆزی ڕووسیا ھانی زیاتری کۆمپانیا ڕووسییەکان بدات بۆ وەبەرھێنەران لە ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ھەرێمی کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ڕووسیا پەیوەندییەکی مێژووییە و ئامانجی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەھێزتر و پتەوتر بکرێن.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێم کرا و لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی نیگەرانی دەربڕی کە سەرباری ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکی بە یاسای بودجەی فیدراڵی جێبەجێ کردووە، بەڵام ھێشتا حکومەتی بەغدا شایستە داراییەکانی ھەرێمی خەرج نەکردووە.
جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی فیدرال پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ھەردوولا بتوانن بە شێوەیەکی بونیادنەرانە درێژە بە دانووستانەکانیان بدەن بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی تر.
لە کۆبوونەوەکەدا ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی نوێی ڕووسیا ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ھاوکاری کردنی ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەریم و ئاماژەی بەوەشدا کە ھانی کۆمپانیا ڕوسییەکان دەدات کە بۆ وەبەرھێنان بێنە ھەرێمی کوردستان.