قاسم ئەعرەجی لەگەڵ پێشمەرگە و سوپا لە کەرکوک کۆبووەوە
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١
٣٢٨
لە بارەی کۆبوونەوەکەوە عەمید ڕوکن خالید عەبدول سەرۆکی تیمی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە کەرکوک ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت و فەریق عەلی فرێجی فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی عیراق لە کەرکوکیش ئامادەبوون.
ئاماژەی بەوەشدا، لەو کوبوونەوەیەدا باس لە ھەماھەنکی و ھاوکاری نێوان پێشمەرگە و سوپا لە کەرکوک کران. وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا فەریق عەلی فرێجی فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی عێراق ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند ئاستی ھەماھەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە کەرکوک باشە و ئۆپراسیۆنی ھاوبەشیش کراوە و ئاڵوگۆڕی زانیاریش دروستبووە. وتیشی، لە بەرامبەردا قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق خۆشحاڵی دەربڕیوە بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا لە کەرکووک و ڕایگەیاندووە دەمانەوێت ئاستی ئەو ھەماھەنگیە باشتریش بێت.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی چوارشەممە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە یاوەری فەریق ڕوکن عەبدولئەمیرشمەری جێگری فەرماندەی ژوری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق و حەمید شەتری بریکاری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی کەرکوکی کرد و لەو سەردانەیدا لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت و فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک کۆبوونەوە.
سەبارەت بە سەردانەکەشی بۆ کەرکوک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە سەردانەکەمان بۆ کەرکوک بە مەبەستی بەدواداچوونی ڕەوشی ئەمنی و ڕێوشوێنەکانی یەکە سەربازی و ئەمنیەکانە لە پێناو پتەوکردنی ئاسایش و پارێزگاری ژێرخانی ئابوری و دامەزراوە نەوتیەکان و وێستگەکانی کارەبا و تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا.
پێشتریش "مەروان عانی" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دیوانی پارێزگای کەرکوک ئاشکرایکردبوو سەردانەکەی ئەعرەجی بۆ دروستکردنی ھەماھەنگی ئەمنی و سەربازی و پێکھێنانی ھەماھەنگی ھەواڵگریە و ھەوڵێکیشە بۆ ڕێگرتن لە بە ئامانجکردنی وێستگەکانی کارەبا و تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا.