دوای ئەوەی رۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەستگیرکراوانی بادینانی پەسەندکرد و دۆسیەکەی داخست، ئەو بڕیارە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە.

نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە تویتێکدا ھەڵوێستی لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر و زیندانیکردنی پێنج لە چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان دەربڕیوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوە ھەولێر دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پێشگرتن لەو جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە داھاتوودا.

ھاوکات سەرۆکی نوسینگەی کەنەدا لە ھەولێر سەبارەت بەو بڕیارە رایگەیاندوە، بێ ئومێدبون لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم لە بارەی پەسەندکردنی زیندانیکردنی"شێروان شێروانی و شڤان سەعید و ئەیاز کەرەم و ھەریوان عیسا و گۆھدار زێباری.

ھەروەھا باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق سەبارەت بەو پرسە رایگەیاندووە،  بڕیارەکەی دادگای ھەولێر بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانانە ناڕاست و ناتەندروستە. جەختی لەوەشکردۆتەوە، مافی رادەربڕین و مافی رۆژنامەوانی و دادگایەکی سەربەخۆ، یەکێکە لەمافە بنچینەییە سەرەتاییەکانی دیموکراتی.