مەکتەبی سیاسی : ئەم دامەزراندنە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد
کوردسات نیوز
٣١ی ئایاری ٢٠٢١
١٬٣٥٦
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی (٤٦) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانو (٤٥) ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ...
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان...
پێشمەرگە قارەمانەکان...
جەماوەری دڵسۆز و ھەڤاڵانی تێکۆشەری یەکێتی...
(١) ی حوزەیرانی ساڵی (١٩٧٥)، لەھەلومەرجێکدا، کە کوردایەتی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە ئاڵۆزترین و سەخترین دۆخدا بوو، بەھۆی ھەرەسی شۆڕشی ئەیلولو پیلانی شوومی (جەزائیر)ەوە، نائومێدی ناخو دەروونی ھەموو کوردێکی دڵسۆز و تێکۆشەری تەنیبوو، ڕژێمی بەعس-یش لە لوتکەی لەخۆبایبووندا سەرقاڵی ستراتیژی شۆفێنانەی سڕینەوەی گەلی کوردستان بوو، لە بارودۆخێکی نێودەوڵەتی وا کە زلھێزەکانیش بە ھۆی پاراستنی بەرژەوەندییان ویژدانیان سڕ ببوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕابەرایەتی ڕابەر و سەرۆکی مێژووییمان جەنابی مام جەلال و پۆڵێک تێکۆشەری دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردایەتی ناوەوەی وڵات دامەزرا و ھاتە کۆڕی خەباتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو واقیعە داسەپاوە.
ئەم دامەزراندنە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەش بوو لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان. ڕچەشکێنێکی ناوازەش بوو، لە شێوازی خەباتی پێشمەرگانە و ژیانی حزبایەتی لە کوردستان و بگرە تەواوی ناوچەکەیشدا.
زۆری نەخایاند لە ساڵرۆژی یەکەمدا شاخ و چیا و گوندەکانی کوردستان، بوون بە سەنگەری ئاوەدانی پێشمەرگە چالاکی و داستانەکانی شۆڕشی نوێ، ورەیان دایەوە بە خەڵک و ئەژنۆی رژێمیشیان شکاند. لەزیندانەکانیشدا جەلادەکان لە خۆراگری و ئازایەتی تێکۆشەرەکانی یەکێتی تاسابوون، کە وانەی (کەم ژیان، کەڵ ژیان)ی رابەرانی سێ کۆچکەی کۆمەڵە بوو بە سەرمەشقی خەبات، کۆچە و کۆڵانی شار و شارۆچکەکان، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، سەنگەرێکی تری شۆڕش بوون و دوژمنیان ھەراسان کردبوو.