ھاوکات "د. سەباح نامیق" سەرۆکی ھۆبەی تەندروستی لە کەرکوک ڕایگەیاند، حاڵەتەکانی تووشبوون بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو چەندین ھێندە زیادیکردووە.
نیگەرانی لێپرسراوانی تورکیا لە بارەی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە تا دێت زیاتر دەبێت و (ئورگور بورساڵی) ئەمینداری گشتی پارتی نیشتمان کە پارتێکی چەپی تورکیا، لە میانەی گردبوونەوەیەکی حزبەکەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە، داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، ھەردوو بنکەی سەربازی ئەنجەرلیک و کوراجیک کە لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە بەکاردەھێنرێن دابخرێن.
وتیشی، پێویستە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئێران و ئازەربایجان چڕبکرێنەوە لە پێناو داننانی ھاوبەش بە کۆماری تورکیا لە باکوری قوربرس و نیمچە دوورگەی کریما وەک بەشێک لە ڕووسیا، ئەمینداری گشتی پارتی نیشتمان داواشیکرد، ھەماھەنگی سەربازی لەگەڵ حکومەتی سوریا بکرێت بۆ لەناوبردنی پارتی کرێکارانی کوردستان وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنور لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا.
ھەروەھا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ھۆشداری داوە لە کاریگەری وێرانکەری داننانی ئەمریکا بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەسەر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات. ڕاشیگەیاند، لێدوانەکەی بایدن ھیچ بنەمایەکی نیە و پێچەوانەی حەقیقەتە.
ئاژانسی بلومبێرگیش لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردەوە، ئەنقەرە بە نیازە ڕێککەوتنی ھەماھەنگی سەربازی و ئابوری کە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە لە نێوان ھەردوو وڵات ئیمزاکراوە سڕ بکات، لە ھەنگاوێکی تریشدا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی ھێزە کوردییەکانی ھاوپەیمانی ئەمریکا لە سوریا زیاتر بکات.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە یادی ١٠٦ ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکەی بە جینۆساید ناساند، ئەو ھەڵوێستەش پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی ھێندەی تر ئاڵۆزکرد.
بایدن جیاواز لە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کەمتر دەردەکەوێت و لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی دەسەڵاتیدا تەنھا لە کاتە زۆر پێویستەکاندا قسە و بریاری ھەبووە، ئەمەش ئەوەیە کە ئەمریکییەکان دەیانویست.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا، بایدن پڕۆژە یاسایەکی گرنگی بە بڕی ١ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیار دۆلار ئیمزا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە زیاتر لە ساڵێکە بەرۆکی ئەمریکییەکانی گرتووە.
بە پێی ڕاپرسییەکان بایدن لە ١٠٠ ڕۆژی سەرەتای دەسەڵاتیدا تا ڕادەیەکی باش جێی ڕەزامەندی ئەمریکیەکان بووە و بە پێی ڕاپرسییەکی ئەسیۆشەیتد پرێس، لە سەدا ٦٠ی ئەمریکییەکان تا ئێستا لە کارەکانی بایدن ڕازین.
زیاتر لە ٢٠ ساڵە بەھۆی شەڕ و تیرۆرەوە ڕەوشی ئەمنی ئەفغانستان ناسەقامگیرە و دیمەنی پاشماوەی تەقینەوەکان، ئاماژەی ڕوونن بۆ مەترسییەکانی تیرۆر و شاھیدی بۆ ترسی خەڵک دەدەن، لێرە خەڵکی بە جۆرێک ترسیان لێنیشتووە، تەنانەت گوومانیان لە ھاوڕێکانی خۆشیان ھەیە.
لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا و ناتۆ، ھەزاران سەربازییان ڕەوانەی ئەفغانستان کردووە و ملیاران دۆلاریان بۆ کۆتاییھێنان بە تیرۆر خەرجکردووە، ناو بە ناویش چالاکی سەربازی ئەنجامدەدەن لەو شوێنانەی گومانی بوونی حەشارگەی تیرۆرستانیان لێدەکرێت، بەڵام تا ئێستا تیرۆر لە ئەفغانستان بنبڕنەکراوە.
خەڵکی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، گومانیان لە توانای سەربازی وڵاتەکەیان ھەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەڵێت بە کشانەوەی ئەمریکا ھیچ پاڵپشتییەکی نامێنێت.
دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئەمریکا ھێزی ڕەوانەی ئەفغانستان کرد، دوای ٢٠ ساڵ مانەوە بە بڕیاری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکی ئایارەوە تا ١١ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، تەواوی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکشێتەوە.
کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە و بەڵگە مێژوویەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ بونەتە قوربانیی ئەو کۆمەڵکوژیە. ئامار و سەرژمێرییەکانی خودی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەو راستیە دەسەلمێنن کە لە گەلی ئاسوری – سریانی و کلدانی زیاتر لە نیو ملیۆنیان لێ کوژراوە، لە گەلی ئەرمەنیش زیاتر لە ملیۆنێک مرۆڤ بە شێوازێکی دڕندانە و لە شوێنی جیاوازدا کوژراون.
بە سەدان ھەزاریش بە پێی یاسای کۆچکردنی ئەو سەردەمە دوورخراونەتەوەو بێسەرو شوێن کراون. بە ھەزاران خانوبەرەوە و قوتابخانە و کتێبخانە و کڵێسا و کارگە وێرانکراون، ماڵ و مڵکیان دەستیان بەسەردا گیراوە و بە تاڵان براون. ئێستاش کۆماری تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە دوای تێپەڕبونی ١٠٦ساڵ بە سەر ئەو کوشتارەدا نکوڵی لێ دەکات، و گێڕانەوەیەکی دیکەی بۆ رووداوەکە ھەیەو باس لەوە دەکات کە ئەو کات ئەرمەنەکان دەستیان لەگەڵ روسیای نەیاری دەوڵەتی عوسمانیدا تیکەڵکردووە، بۆیە بڕیار دراوە ئەرمەنەکان لەناوچەکانی جەنگ دووربخرێنەوە، و لەکاتی راگواستنیشیاندا بۆ ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ژمارەیەکیان کە بە ٢٠٠-٣٠٠ ھەزار کەس مەزەندەیان دەکەن ، گیانیان لەدەست داوە.
گۆڤاری پۆڵەتیکۆ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە بەڕەسمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان گورزێکی کاریگەر لە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەمریکا دەدات و پێشبینیی کردوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە گرژیی زیاتری تێبکەوێت.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردوە بایدن بەو بڕیارەی پێگەی ئەمریکای لە مێژودا راستکردەوە، و رێی ھەموار کرد لەبەردەم ساڕێژکردنی برینەکانی ئەو کۆمەڵکوژیەدا، و ئەو دەستەواژەیەی بەکارھێنا کە شایستەی ئەو تاوانە گەورەیە بێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی (محەمەد کەریم خەفاجی) وەزیری کشتوکاڵی عێراقدا ھاتووە، ڕێگە نەدرێت بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ئەم وەرزە لە دەروازە سنورییەکانەوە ھاوردەی عێراق بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە دەستەی دەروازە سنورییەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردەی ئۆپراسیۆنەکان کردووە، ڕێکارەکانی تایبەت بە ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان توندتر بکەن، ئەمەش بە ئامانجی ھاندانی بەرھەمە خۆماڵییەکان.
لە کاتێکدا عێراق بە مانگی ڕەمەزاندا گوزەر دەکات و خواستی ھەمووەکی لە بازاڕدا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەم ھەوڵەی وەزارەتی کشتوکاڵ نرخی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش ھانی فرۆشیار و بازرگانانی داوە بیر لە ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بکەنەوە، چونکە بەرھەمەکانی ناوخۆ نرخیان بەرزە، ھەر ئەمەش وای لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد نیگەرانی خۆی لە ھاوردەکردنی مریشکی بەستوو و زیندوو لەگەڵ پەتاتە دەرببڕێت، کە گوایە بە قاچاخ لە سنورەکانی عێراقەوە ھاوردە دەکرێن.
چاودێرانی ئابووریش دەڵێن، قەدەغەکردنی ٢١ جۆر بەرھەمی کشتوکاڵی کە مریشک و پەلەوەریشی لە خۆگرتووە، بڕیارێکی لۆژیکی نییە بەو پێیەی ناتوانێت ھاوسەنگی لە نێوان پاراستنی مافی بەرھەمھێن و بەکاربەر فەراھەم بکات، چونکە قەدەغەکردنی یەکجاری باجەکەی ھاوڵاتیانی عێراق دەیدەن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بەرھەمانە و، ھاوردەکردنی بێ ڕەچاوکردنی خواستی بازاڕیش زیان لە بەرھەمێنەرانی ئەو بەرھەمە کشتوکاڵیانە دەدات، بۆیە پێویستە ڕەچاوی قەبارەی خواست و خستنەڕوو بکات لە بازاڕدا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان و وەبەرھاتنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەی ھاوردەکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی ڕاگەیاند و، بەم پێیەش نرخی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان ڕوویان لە ھەڵکشان کرد، بە جۆرێک یەک کیلۆ مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی عێراقدا نرخەکەی ٨٩٪ ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ھندستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن و کۆی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە وڵاتە دووچاری ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٩ سەد ھەزار کەس، لە ڕیزبەندیی تێکڕای تووشبووانیش لە دوای ئەمریکاوە لە پلەی دووەمدایە.
تێکڕای ئەو کەسانەش کە تا ئێستا بە پەتاکە گیانیان لە دەستداوە لەو وڵاتە گەیشتووەتە ١٨٤ ھەزار و ٥٥٧ کەس.
ئەوەش لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە دەرمان و ئۆکسجینی پێویستیان تێدا نەماوە و زۆربەشیان شوێنیان نەماوە و ناتوانن پێشوازی لە نەخۆشەکان بکەن.
دادگای باڵای نیودەلھی فەرمانی بە حکومەت کردووە سەرجەم ئەو ئۆکسجینانە کۆبکاتەوە کە لە ناوەندە پیشەسازیەکاندا بەکاردەھێنرێت تا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانیان بکات.
کۆرۆنا بڕستی لەو وڵاتە بڕیوە و دیمەنی ئەو ئەمبوڵانسانەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نۆخۆشخانەیەکەوە بۆ یەکێکی تر دەگوازنەوە و بەدوای تەختێکی چۆڵدا دەگەڕێن، ڕۆژانە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە بەدی دەکرێت.
ھاوڵاتیانی ھیندستان زۆربەیان ھیندۆسن و تەرمی مردووەکانیان دەسوتێنن، و کەسوکاری ئەوانەش کە بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستداوە لە ڕیزی دوور و درێژدا لە بەردەم شوێنی سوتاندنی تەرمەکاندا ڕادەوەستن.
کۆمەڵکوژی ئەرمەکان لە ساڵی ١٩١٥ لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیھان لە دژی ئەرمەنەکان ئەنجامدراوە و ھیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە ڕابردوودا خۆی لە قەرەی بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان نەداوە و تەنھا ڕۆناڵد ڕیگان لە ساڵی ١٩٨١ وشەی جینۆسایدی بۆ ئەرمەنەکان بەکارھێناوە.
لە ساڵی ٢٠١٩ش کۆنگرێسی ئەمریکا بە دەنگدانێکی ڕەمزی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساندووە، لە ماوەی ڕابردووشدا ١٠٠ ئەندامی کۆنگرێس لە سەروو ھەموویانەوە ئادەم شیف سەرۆکی لیژنەی ھەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەران نامەیەکیان ئاڕاستەی بایدن کرد و داوایان لێکرد پابەند بێت بەو بەڵێنەی لە کاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا داویەتی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.
ھاوکات چاک شومەر سەرۆکی دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، جۆو بایدن دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە ڕەسمی دانبنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان وەک تاوانێکی جینۆساید، دەشڵێت، سبەینێ ئەمریکا دان بەو ڕاستییەدا دەنێت و ساڵیادی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە.
تا ئێستا ٣٠ دەوڵەتی جیھان دانیان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا ناوە و داننانی ئەمریکاش کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە، بەو پێیەی لە ئێستادا بە قۆناغێکی نائاسایدا گوزەر دەکات و جۆو بایدن لە دوای دەستبەکاربوونی ھیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاوە نەکردووە.
بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی بایدن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، چەند ڕۆژێکە ھەستی پێکراوە و مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاندووە، ڕاگەیاندن بە بێ پابەندبوونی یاسایی ھیچ جۆرە سودێکی نابێت و تەنھا زیان بە پەیوەندییەکان دەگەیەنێت. وتیشی، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانیان زیاتر ئاڵۆز بێت بڕیار بە دەستی خۆیەتی.
تا ئێستا تورکیا ئامادە نییە دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بنێت و پێی وایە تەنھا کارەساتێک بووە کە زیانی بۆ تورک و ئەرمەن ھەبووە.
واشنتۆن دی سی کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٧٠٠ ھەزار کەس دەبێت، ھیچ کورسییەکی نە لە ئەنجومەنی نوێنەران و نە لە ئەنجومەنی پیراندا نییە، ئەلینۆر ھۆڵمز نۆرتن نوێنەری ئەو شارەش لە کۆنگرێسی ئەمریکا مافی دەنگدانی نییە.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەبڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاستەنگی گەورەی لەلایەن کۆمارییەکانەوە بۆ دروست بکرێت، چونکە بە پێی ڕاپرسی و ئامارەکان زۆرینەی دانیشتووانی واشنتۆنی پایتەخت لایەنگری دیموکراتەکانن، بۆیە ئەگەر واشنتۆن ببێتە ویلایەت، دوو نوێنەری دیموکراتەکان بۆ ئەنجومەنی پیران ھەڵدەبژێرن، ئەوەش تەرازووی ھێز لە بەرژەوەندیی دیموکراتەکان لاسەنگ دەکات لە ئەنجومەنی پیراندا کە لە ئێستادا لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکاندا بە یەکسانی دابەشبووە.
سەرەتا ھەرێمی کۆڵۆمبیا کە بە واشنتۆن ناسراوە، پایتەختی ئەمریکای نوێ نەبووە، ئەو کاتەی کە لە ساڵی ١٧٧٦ دامەزرا، لە ١٣ ویلایەت پێکھاتبوو، سنوری دەسەڵاتی لە باکورەوە لە سنورەکانی کەنەداوە دەستیپێدەکرد تا ویلایەتی جۆرجیا لە باشور، و شاری نیویۆرکیش پایتەختی ئەو دەوڵەتە بوو، بەر لەوەی کە شاری فیڵادڵفیا ببێتە پایتەخت.
لە ساڵی ١٧٩٠یشەوە ھەرێمی واشنتۆن کرایە پایتەختی ئەمریکای فیدراڵی، ئەویش وەک ڕێگەچارەیەکی ناوەند لە نێوان دوو گروپدا کە ناکۆکییان ھەبوو سەبارەت بەوەی چ شارێک بکرێتە پایتەخت.
دیموکراتەکان کە ماوەی دەیان ساڵە داوا دەکەن واشنتۆنی پایتەخت بکرێتە ویلایەت، دەیانەوێت لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆو بایدندا دەرفەتەکە بقۆزنەوە و ھەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران بۆ خۆیان کۆنترۆڵ بکەن و ویلایەتێکی نوێ لە بەرژەوەندیی خۆیان بۆ ئەمریکا زیاد بکەن، ھاوشێوەی ئالاسکا و ھاوای کە لە ساڵی ١٩٥٩دا بوون بە ویلایەت.
توێژینەوەکەی کۆمپانیای (سویس ئینشۆرەنس) گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە دەکرێت مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا کەمبکرێتەوە، ئەویش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ھەماھەنگی جیھانی بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی ئەو سوتەمەنیانەی دەبنە ھۆی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوی.
بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیھانیی زەوی و کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا بە میوانداریی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا.
بەشدارانی ئەو کۆنفرانسە نیگەرانیان دەربڕیوە لە دیاردەی گەرمبوونی کەشوھەوا و بەڵێنیان داوە دەستپێشخەر بن بۆ دانانی سنورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو گازانەی لە ھەوادا ھۆکاری گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەوین.
ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی وڵاتانی ھەژار زۆرترین زیانیان لەو دیاردەیە بەردەکەوێت.
ڕاپۆرتەکە پشتی بەستووە بەو ڕاستییەی کە جێبەجێکردنی پەیماننانەی پاریسی تایبەت بە کەشوھەوا، ئەو پەیماننامەیەی وڵاتان پابەند دەکات بە ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیھان دەبێت و ڕێگری دەکات لە پاشەکشەی ئابوریی جیھان بە ڕێژەی ٤.٢٪ .
ھاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بە بڕی دوو پلەی سەدی، بە ڕێژەی ١١٪ تا ١٣٪ زیان بە ئابوریی جیھان دەگەیەنێت.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد ھەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا دەرفەتی ئابوریی گەورە دەڕەخسێنێت، ئەویش لە ڕێی بنیادنانی تەکنەلۆژیای پاکەوە کە دەشێت ئەمڕۆ و سبەی بەکاربھێنرێت.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشنیاری وەبەرھێنانی زەبەلاحی کردووە بۆ سودمەندبوون لەو دەرفەتانەی بەکارھێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە دەیانڕەخسێنێت، لەوانە وەبەرھێنان لە کەرتی ئوتومبێلی کارەبایی و وێستگەکانی بارگاویکردنەوەی ئەو جۆرە ئوتومبێلانە و داواشی لەو وڵاتانە کرد کە زۆرترین ڕێژە لە گازە پەنگخواردووە گەرمبووەکانی خانووە پلاستیکیەکانی ڕووەک بە ئەتمۆسفیردا بڵاودەکەنەوە، سنورێکی بۆ دابنێن.
بایدن بەڵێنیشیدا وڵاتەکەی دەستپێشخەر بێت لە کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکاندا کە ھۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەویە.
ھاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە مەترسیەکانی گەرمبوونی کەشوھەوا کرد و بە ھەڕەشەیەکی ناوبرد بۆ سەر ژیان. گۆتەرێس ئاماژەی بەوەکرد گازە پەنگخواردووەکان ھێندە زیادیان کردووە کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە.
شی جین پینگ سەرۆکی چینیش لە وتەیەکیدا لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە داوای کرد ڕێز لە سروشت بگیرێت و ئاماژەی بەوەکرد گۆڕانی کەشوھەوا ئاستەنگی گەورە بۆ جیھان دروست دەکات.
سەرۆکی چین کە وڵاتەکەی دووەم ئابوریی گەورەی جیھانە، بەڵێنی کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە گازانەیدا. وتیشی، وڵاتەکەی کۆنفرانسێک سەبارەت بە بە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی ڕێکدەخات.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاش لە وتەیەکیدا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی گەرمبوونی کەشوھەوا دووپاتکردەوە.
پوتین لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد دانوستانەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوھەوا بەڵگەیە بۆ ئەو نیگەرانیانەی سەبارەت بەو دیاردەیە لای کۆمەڵی نێودەوڵەتی دروست بوە، و وتیشی داھاتووی ھەسارەی زەوی و تێکڕای وڵاتان و خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ھەوڵانەوە کە دەدرێن بۆ سنوردانان بۆ گەرمبوونی کەشوھەوا.