لەکاردانەوەیەکدا سەبارەت بەو مشتومڕانەی چەند ڕۆژێکە لەسەر نەمانی ١٢٨ ملیار دۆلار لە بانکی ناوەندی دروستبوون ، لوتفی عەلوان وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاند، بەکارھێنانی ١٢٨ ملیار دۆلار لە یەدەگی وڵاتەکەی بۆ رێگری لە ھەرەسی بەھای لیرە بووەو، بانکی ناوەندی یەدەگی بیانی ناو بە ناو بەکاردەھێنێت بۆ سەقامگیری و ھاوسەنگی نەختینەیی لە بازاڕەکان و ھێشتنەوەی بە ھای لیرەی تورکی بە بەرزی . ئەو دەنگۆیانەشی باس لە نەمانی ئەو پارەیە دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە.

لە چەند مانگی ڕابردووشدا بەھۆی ناڕەزاییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سیاسەتی دارایی حکومەت، باراک بەیراک وەزیری خەزێنە و دارایی پێشووی تورکیا و زاوای ئەردۆغان دەستی لە کار کێشایەوە ، سەرچاوەی گرفتەکانیش  کاتێک سەریھەڵدا کە یەدەگی بیانی تورکیا بۆ ٢٠ ملیار دۆلار دابەزی و ئەگەری ھەیە لیرەی تورکیش ھاوشێوەی لیرەی لوبنانی دووچاری داڕمان ببێتەوە.

لابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە مانگی دووی ئەمساڵدا و دانانی پارێزگاری نوێ  کاریگەری لە سەر لیرەی تورکی  ھەبووەو زیاتر ١٧٪ بەھاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەستداوە،  بەڵام لوتفی عەلوان  وەزیری دارایی تورکیا دەڵێت دوورخستنەوەی پارێزگار کارناکاتە سەر جێگیری لیرە و وڵاتەکەشیان پابەندە بە یاساکانی بازاڕی ئازاد و سیستمی ئاڵوگۆڕی دراوەوە .

لە ماوەی چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا سەرۆکی تورکیا  چەندین گۆڕانکاری کرد لە بواری ئابووری و داراییدا بەگۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی و دیاریکردنی ڕێژەی سوود بەڵام دواجار ھەوڵەکان شکستیانھێنا . 

ئەردۆغان بەرزکردنەوەی نرخی سوود بەھۆکاری سەرەکی زیادبوونی ھەڵاوسان دادەنێت , بۆ ئەو مەبەستەش پلانی دابەزاندنی ھەڵاوسانی لە  ١٩٪ بۆ ١٠٪ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ داناوەو بەنیازە  تاساڵی  ٢٠٢٣ ھەڵاوسان بۆ ٥٪ دابەزێنێت ئەمەش ھاوکات دەبێت لەگەڵ وادەی ھەڵبژادنەکانی تورکیادا .