پیرۆزە لە یەکێتییەکان، پیرۆزە لە سەرۆک
سەروتاری راگەیاندن
٢٨ی ئابی ٢٠٢٢
١٬٤٤٢
کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مێژووترین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بوو لە دوای کۆنگرەی چوارەمی ئەم حزبەوە، کۆبوونەوەیەک پێکەوەیی و یەک بڕیاری و یەک ھەڵوێستی و ...ئینجاش، بە گفتوگۆی چڕی ھەڤاڵانەوە، دەریچەی ڕێکخراوەیی و دیموکراتی بۆ داھاتووی حزبی شەھیدان، پەسەند کرد.
کۆبوونەوە لەسەر دوو دینگەی پتەوی دەربەستی و بەرپرسیارێتی ئاماژەی پتەوبوونەوەی ریزەکانی یەکێتی بۆ دوور و نزیک . دۆست و لایەنگر و پەیوەندارانی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان و عێراق نارد و دووپات کردەوە.
-دینگەی یەکەمیان: لە بازنەی فراوانی رێکخراوەیی یەکێتییەوە، لە راو سەرنج و پێشنیاز و رەخنەی کادیران و تێکۆشەرانی یەکێتییەوە ، لە دیداری بەرفراوانی ھەزاران ھەڤاڵی دێرین و نوێوە دەستی پێکرد کە لە بەھاری ئەمساڵ تا جەنەراڵ دیدار لە کۆتایی مایسی رابردوو، قسەیان دەربارەی یەکێتییەکەی خۆیان کرد و گەڵاڵەی ھەموو ڕاو راز و نیازیان بەسەر سیانزە سێکتەردا دابەشکرد و ئەمرۆش ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەر ھەموویانی پەسەند کرد.
واتا دەستپێکی کۆبوونەوەی ئەنجومەن سڵاوی سەرکردایەتی یەکێتی بوو بۆ رەنجی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی چەند مانگەی جەماوەری فراوانی ئەم حزبە لە سەرتاسەری کوردستان ، لەگەڵ پەسەندکردنیشی دامەزراوە و ئۆرگانە حزبییەکانی راسپارد رێوشوێنی جێبەجێکردنی بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن .
ئیتر لەمرۆوە (٢٨/٨/٢٠٢٢) کتێبی دیدار کە پوختکراوەی راسپاردەی سەرجەم لیژنەکان دەگرێتەخۆی، لە پاڵ پەیڕەو و پرۆگرام، دەبێتە ڕێنوێنی ئۆرگانەکان و ھەڤاڵانی یەکێتی بۆ کار و تێکۆشان تا دیداری داھاتوو کە ئەنجومەن بریاری دا وەک دیاردەیەکی دیموکراتی حزبیانە و بۆنەیەک بۆ ئەبدەیتکردنەوەی پەیوەندی یەکێتی بە جەماوەر و دەستەبژێری کوردەوارییەوە، ساڵانە ساز بکرێت.
-دینگەی دووەمیان: پتەوکردنەوەی یەک ئاراستەیی و یەک بڕیاری و یەک ھەڵوێستی ئەنجومەن، بۆ ئەوەی یەکێتی ریزەکان لە سەرکردایەتییەوە شۆڕ بێتەوە بۆ سەرجەم ئۆرگانەکان ، بەجۆرێ وا بێت کە ئیتر سەرکردایەتی پێشرەوی ئەرک و بەرپرسیارێتی ستراتیژی حزبەکە بێت و بەو پتەوی و تۆکمەیی و یەکێتییەوە دەرەقەتی ئەرکەکانی قۆناغ بێت کە ئەمڕۆی کوردستان و عێراق پێویستی بە سیاسەتی بنیاتنەرانەو ژیرانەی حزبەکەی مام ھەیە و لە تەقویمی رووداوەکانی ماوەی رابردووش ئەم راستییە بە روونی و رەوانی دەرکەوتەوە.
چونکە دۆخی ئەمڕۆی پرۆسەی سیاسی عێراق و دۆخی ناوخۆی کوردستانیش نیشانی دەدا گەلێک پێویستی بە دەستپێشخەری و ھەڵوێستەکانی یەکێتی و سەرۆکایەتییەکەی ھەیە.
جا بەخۆشحاڵیەوە ھەڵسەنگاندنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ ئەم پێویستییە حزبی و نیشتمانییە وابوو کە لەگەڵ ویستی یەک بڕیاری و یەک ھەڵوێست و ئاراستەی ژیرانەی نزیکەی ساڵی رابردوو وێک بێتەوە، بۆیە بە پەرۆشی و بەرپرسیارێتییەوە ھەموارەکانی پەیرەوی ناوخۆی پەسەند کرد، سیستمی نا کارا و شپرزەیی ھاوسەرۆکایەتی ھەڵوەشاندەوە و ھەڤاڵ سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەڵبژارد تا ئەرکەکانی قۆناغی داھاتووش تەواو بکات و متمانەی سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتی بۆ خێر و خۆشی کوردستان بخاتەگەڕ و چاکسازییەکانی درێژە پێبدا کە ئەم چاکسازی و خۆڕێکخستنەوە و خۆتوندوتۆڵکردنەوەیە رەزامەندییەکی گشتی و جەماوەری بەدەست ھێناوە و دەھێنێت ،ئەمەش لە کاتی بە تەنگەوەھاتنی گرفت و داخوازی خوێندکاران، لەکاتی بڕیارەکانی لەپرسینەوە لە دەستدرێژی کردنە سەر ماڵ و موڵکی گشتی و زۆر بڕیاری تریش، بە روونی دەرکەوت .
ھەر بەڕاستی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەبەر ئەوەی بنتەمەڵی
( دیموکراسی و قاعیدەی فراوانی ئەندامان) و (یەک تیمی) جێگیرکرد، بووە وێستگەیەکی نوێ لە ژیانی حزبایەتی یەکێتی کە تامی سیاسەتە حەکیمانەکەی سەرۆک مام جەلال دەدا و بۆنی خۆشی چەپکەگوڵەکەی لێ دێت کە چەپکە گوڵی :دەربەستی و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ،ھەڵسەنگاندنی ورد و ژیرانە، دەستپێشخەری و خاوەندارێتییە لە ئیرادە و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرئەنجامیش کارێکی چاک و باشیکرد کە بە دەنگدانی دیموکراتی ئەم ئەمانەتە مێژووییە بە ئایندەی گەشی کوردستان سپارد .
پیرۆزە لە یەکێتییەکان، لە سەرکردایەتی یەکگرتوو و بە ئیرادەی یەکێتی و پیرۆزە لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە ڕاسپێردرا ئەرکە قورسەکە تەواو بکات و گەرەکە ھەموو یەکێتییەکان، لە ھەموو ئاستەکاندا، پشتیوانی بن بۆ خزمەتی میللەتەکەمان .