پێت سەیر نەبێ خوێنەری ھێژا کاتێک ناو نیشانی ئەم وتارەم بەم شێوە نوسیوە ، ئەگەر بەڕێزت خوێنەری مێ بیت زۆر بە چاکی لێم تێ دەگەیت وە دەزانیت دەڵێم چی ، ئەگەریش لە ڕەگەزی بەرامبەر بیت ڕەنگە بۆی بچیت یان خوێندنەوەی بۆ بکەیت بەڵام لە ڕووی واقعیەوە نازانیت کە چی دەگوزەرێت لە ناخ و دونیای قوڵی ژندا وە چی دەگوزەرێت لە ھەسارەی ناوخۆی ژندا وە چۆن دانی بە خۆیدا گرتووە تاکو ژیان بەردەوام بێت .

لەم کۆمەڵگە پڕ لە ئازار و مەینەتیەدا لەم ڕۆژگارە سەختەدا لەم نیشتمانە پڕ لا کێشەیەدا ھاوڵاتی بوون خەمێکە و دایک بوون و ژن بوون شۆڕشێکە کە ڕەنگە کەم کەس بتوانێت بەرگەی بگرێت ، ئەوەندەی من دایک و تۆی باوک و تۆی برا و تۆی کوڕ خەمی کچ و خوشک و ھاوسەرەکانمان ھەبێت پێ دەچێت کەمتر خەمی کوڕەکانمان بێت چونکە ژیان ھیچ گەرەنتیەک نیە بۆیان و بۆ خۆشمان ، ھەر بۆیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و لە ڕووی ویژدانی و لە ڕووی ئەخلاقی و مێژوویەوە ئێمە ھەمیشە خەمخۆری ژنانین .

ژن ئەو کائینەیە کە بە ھۆیەوە ژیانمان پێ دەبەخشرێت و دەپارێزرێت لە لەناو چوون لەگەڵ بەرامبەر بەڵام بە چ شێوازێک و بە چ جۆرێک و بەکام ڕێگا ؟ بێگومان خەباتی مرۆڤایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی و خەباتی حیزبی و خەباتی سیاسی و خەباتی پەروەردەیی و خەباتی ئەخلاقی کە ڕەنگە لەم چوار چێوەیەدا زۆر جار توشی مەینەتی و نەھامەتی و زەبر و زەنگ و گێچەڵ و کوشتن و لەناو چوونیش بێتەوە .

تۆ یەک جار لەدایک دەبیت و یەک جار دەژیت و یەک جاریش دەمریت ، بەڵام منی ژن و منی دایک و منی پەروەردەکار و منی خزمەت کار ھەموو ساتێک دەمرم و دەژیمەوە لە پێناو لەدایک بوونی ئێوە و بەخێو کردنتان بە گوێرەی ئەندامانی خێزان و درێژایی تەمەنم ، کاتێک ئێوە لەدایک دەبن ئێمە ڕوو بە ڕووی مردن دەبینەوە وە پاشان دەژینەوە بە دیار شەو نخونی ئێوەوە ماندوو تر و شەکەت تر دەبینەوە و ساتی خورپەکان کە ڕامان دەچڵەکێنن و خەمی ئێوەمانە .

ژن بوون شۆڕشگێڕیە و قارەمانێتیە و جوامێریە و جەنگاوەریە لە پێناو مانەوە و سەلماندن و درێژە پێدان بەم ژیانە جەنجاڵستانە ، کە دڕنداکان ھەمیشە لە ھەوڵ دان بۆ لەناو بردنی بەرامبەر و تێک شکانی شورای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و پارچە پارچە کردنی ئەو کەسایەتیە میھرەبانەی کە پێی دەوترێت ژن .

لێرەوە من شانازی و سەربەرزی و شکۆمەندی خۆم ڕادەگەیەنم کە بتوانم شان بە شانی دایکمان و خوشکمان و کچەکانم و باوک و براکانمان و کەس و کار و دەوروبەرم لەم نیشتمانە بریندارە دێڕێک بنوسم لەسەر ئێمە و ئێوە کە ڕەنگە ئەم گرێدانەوەی خۆمان وەکو پرچی سروشتی ھۆنراو و پێچاو پێچ لەیەک بترازێت کەوا کاریگەری نێگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە و ڕەنگە بمانگێڕێتەوە بۆ ژیانێکی نا دروست و ناڕەحەت کە نەگونجێت لەگەڵ پێوەرە دروستە سەردەمیەکان بۆ ژیان و لە ئاستی خواست و داخوازیەکانماندا نەبێت وەکو مرۆڤێکی ھاو چەرخ .

من دەستی یەکە بە یەکەی ئەو کچ و خوشک و دایکانەمان دەگوشم و لەبەردەم جەستەی پیرۆزیانا دەنوم کە بەدەم فرمێسک و ناخی پڕ پەژارەوە ڕۆژانە خزمەت دەکەن و فێرمان دەکەن و خێزانمان پێ دەبەخشن لە مەیدانی ژن بوون دا .

سەرەڕای کۆسپ و تەگەر و لەمپەر و گێچەڵی جۆراو جۆر و ھەوڵ دان بۆ پەنا بردن بۆ خۆ کوشتن و ناچار کردنمان بۆ ژیانێکی ناڕەحەت و زۆرداری مل کەچ ناکەین و نەمان کردووە بۆ ئەوەی بە ژنێتی خۆمان و بە سەربەرزی بمێنینەوە .

زۆر ئاسانە کاتێک بمانەوێت خۆش بژین و دەست بەرداری زۆر شت ببین بەڵام بەرامبەر بە چی ؟

ئەوە پرسیاری جەوھەری من و تۆی خوێنەرە ، چونکە ژن مانای ئەوە ناگەیەنێت کە لە پێناو خۆشگوزەرانی دا دەست بەرداری بەھای ئاینی و ڕۆحی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فکری و سیاسی ببینەوە و خۆمان ڕادەستی حەز و ئارەزوەکان و گرێ دەرونیەکان و ویستەکانی نا مرۆڤەکان بکەین ، بۆیە دەبینین لە سەرجەم سەکتەرەکانی ژیانی ئەم نیشتمانە ژن بوون و ڕاسپاردنی ئەرک بە ژن ھێندەی باری سەر شانمان و ئاستی بەرپرسیارێتی لە ھەموو ڕوویەکەوە قورس کردووە ھێندە ژیانێکی خۆش گوزەران و شایستەی پێ نەبەخشیوین بەڵام لە سۆنگی ھەست کردنمان کە دەبێت پێکەوە بژین و پێکەوە بمرین لە پێناو بنیاد نانەوەی جیھانێکی عادل و جیھانێکی ھاوتا و شایستە بە ڕۆح و بە ڕەگەز و ھاوشێوەکانمان قۆڵمان لێ ھەڵ کردووە و شانمان داوەتە بەری بۆ ئەوەی ژن بوونمان و شۆڕشە بەردەوامەکانمان بەردەوام بێت تاکو ئەنجام و گەشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانمان بۆ خاک و گەل و نیشتمان .