گراھام براندی سەرۆکی زۆرینەی ناو پارتی پارێزگاران رایگەیاند، بە پێی یاساکانی پارتی پارێزگاران کاندیدانی شوێنگرەوەی لیز ترەس پێویستیان بە پشتیوانی ١٠٠ پەرلەمانتارە لە کۆی ٣٥٧ پەرلەمانتار تاوەکو ببنە کاندید.
توبیاس ئیلود پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە بووەتە ١٠٠مین پەرلەمانتار، پشتیوانی ریشی سوناک دەکات. ھاوکات چەند پەرلەمانتارێکی تریش دووپاتیانکردەوە ١٠٠ پەرلەمانتار پشتیوانی سوناک دەکەن.
لای خۆشیەوە بینی مۆردانتی تەمەن ٤٩ ساڵ و وەزیری پەیوەندییەکان لەگەڵ پەرلەمان بە رەسمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدکرد و بوو بە یەکەم کەس بە رەسمی خۆی کاندید بکات، لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی لیز ترەس.
مۆردانت لە تویتێکدا نوسیویەتی، " پشتیوانی ھاوڕێکانم، ئەوانەی سەرەتایەکی نوێ و حزبێکی یەکگرتوویان لە پێناو بەرژەوەندی نیشتمان دەوێت، ھانیاندام خۆم کاندید بکەم.
ھاوکات دەرفەتەکانی بەردەم گەڕانەوەی بۆریس جۆنس سەرۆک وەزیرانی پێشوو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەناو پارتی پارێزگاران لە بەھێزبووندایە و ژمارەیەکی زۆر لە ناو پارتەکەیدا پشتیوانی لێدەکەن.
پەیمانگای یوگۆف راپرسییەکی سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی لیز ترەس ئەنجامداوە و ٧٩%ی بەشداربوان پێیان وایە ترەس لە دەستلەکارکێشانەوەکەیدا لەسەر حەق بووە و ٤٤%یش پێیان وایە سەرۆک وەزیرانێکی خراپ بووە.
بە پێی راپرسییەکە ٣ کەس لە کۆی ٥ کەس لە دانیشتوانی بەریتانیا پشتیوانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن ئەوەش خواستی زۆرینەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنە.