سەرۆک کۆمار لە تەندروستی ئایەتوڵڵا سەماحەتی شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز دەپرسێت
رەوەز
١٣ی ئازاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سەردانی مەرجەعی گەورەی ئایینی ئایەتوڵڵای گەورە شێخ محەمەد ئیسحاق فەیازی کرد لە نەخۆشخانە، کە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو بۆ پشکنینی تەندروستی.
لە میانەی سەردانەکەدا، ستافی پزیشکی نەخۆشخانە کورتەیەکیان لەسەر بارودۆخی تەندروستی ئایەتوڵڵا و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی خستەڕوو بۆ سەرۆک کۆمار. سەرۆک کۆمار هیوای چاکبوونەوەی خێرا و بەردەوامی بۆ ئایەتوڵڵا خواست، هاوکات رۆڵی بەرچاوی مەرجەعی گەورەی ئایینی بەرزنرخاند لە چەسپاندنی بەهاکانی میانڕەوی و لێبوردەیی و بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی.
لە لایەکی دیکەوە، بنەماڵە و تیمی پزیشکی کە سەرپەرشتی چاودێریکردنی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز دەکەن، پێزانینی خۆیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، کە ئەم سەردانە رەنگدانەوەی گرنگیدانی بەڕێزیانە بۆ زانایان و سیمبولەکانی گەل.
تیمی پزیشکی دڵنیاییان دا کە تەندروستی ئایەتوڵڵا بەهۆی چاودێری پزیشکی بەردەوام بەرەو باشتر دەچێت.