وادەی هەڵبژاردن دیاریكرا
کوردسات نیوز
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٣
دوای ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆی نێوان کوتلە و لایەنە سیاسییەکان لە بارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق، دواجار ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ چەند بڕگە و ماددەیەکی پەسەندکرد، و بەپێی یاساکەش لە رۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ ئەو ھەڵبژاردنە لە سەرجەم پارێزگا و قەزاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
لە ھەموارەکەدا چەند مەرجێک بۆ کاندید دانراوە، لەوانە، نابێت بڕوانامەی کاندید لە بەکالۆریۆس کەمتر بێت جگە لە کۆتاکان کە دەتوانن بە بڕوانامەی ئامادەیی بەسەرەوە خۆیان کاندید بکەن، لە لیستی ھەڵبژاردندا رێژەیەک بۆ کاندیدی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کە بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆمیان ھەیە دیاری دەکرێت بەشێوەیەک لە ٢٠% زیاتر نەبێت، ھەروەھا نابێت کاندید بە تاوانی شەرەف و گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی حوکم درابێت.
ماددەی ١٥ی ھەموارەکەش چەند بڕگە و خاڵێک لە خۆدەگرێت، گرنگترینیان دیاریکردنی کورسی کۆتاکانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە پێنج کورسی بۆ مەسیحییەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک و و ھەولێر و دھۆک و بەغداد و نەینەوا، یەک کورسی بۆ ئێزدییەکان لە نەینەوا، یەک کورسی بۆ پێکھاتەی سابیئەی مەندائی لە بەغداد، یەک کورسی بۆ شەبەک لە نەینەوا، یەک کورسیش بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست.
ئەنجومەنی نوێنەران ماددەی (١٦ی) ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراقیشی پەسەند کرد تیایدا ھاتووە، کۆمیسیۆن پشت بە ئامێری خێرا دەبەستێت بۆ ئەنجامی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و لە سەرجەم وێستەگەکانی ھەموو ناوەندێکی دەنگدانیشدا جیاکردنەوەی دەنگ بە دەستیش دەکرێت و دەبێت کۆمیسیۆنیش پابەند بێت بە راگەیاندنی ئەنجامەکان لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەنجامی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی وەک یەک نەبوون لە وێستگەی دەنگداندا بە رێژەیەک کە کەمتر بێت لە ٥%، پشت بە ئەنجامی جیاکردنەوەی دەستی دەبەسترێت، بەڵام ئەگەر وەک یەک نەبوونی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و دەستی گەیشتە ٥% و زیاتر، کۆی دەنگەکانی وێستگەکە رەوانەی ناوەندی سەرەکی وردبینی پارێزگاکە دەکرێت بۆ دووبارە جیاکردنەوە و ئەنجامەکەشی ھەرچۆنێک بێت کۆمیسیۆن پشت بەو ئەنجامە دەبەستێت.
ھەروەھا بەپیی بڕگەی کۆتایی ماددەی ١٦ ، ئەگەر ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان لە ماوەی شەش سەعاتدا ئەنجامەکانی رەوانەی ناوەندی ئەنجامەکان نەکرد، ھەموو ئەو سندوقانەی ئەنجامەکانیان رەوانە نەکراوە بە ھەر ھۆکارێکی گواستنەوە بێت رەوانەی ناوەندی وردبینی پارێزگاکە دەکرێت.