سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لەپشت بڕیاری لێخۆشبونە لە چەند سەرکردەیەکی سوننە کە دیارترینیان (شێخ عەلی حاتەم میری ھۆزی دلێم)  و (رافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووتر)ن، ئەوەش  لە دژی ھاوپەیمانی سەروەری خەمیس خەنجەر  و ھاوپەیمانی (تەقەدومی) ی محەمەد حەلبوسی بەکاریان دەھێنێت. چونکە بەگەڕانەوەی ئەو سەرکردە سوننانە کاریگەری لەسەر دەنگەکانی حەلبوسی دەبێت بەتایبەت رافع  عیساوی کە لە پارێزگای ئەنبار پێگەیەکی جەماوەری زۆری ھەیە

بۆچوونێکی تر ھەیە دەڵێن، حەلوبسی دژی گەرانەوەی ئەو سەرکردە سوننانە نەبوە ، چونکە دەیەوێت لەرێی ئەوانەوە ، ھەرێمێکی سوننە لە عێراق دروست بکات .

 لەسەر ئازادکردنی ئەم سەرکردانەی سوننە نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ھەموو ھەوڵێک بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و قۆستنەوەی دۆسیەی سیاسییە داواکراوەکان رەتدەکەنەوە، دوپاتیشیکردۆتەوە کە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەو دۆسیەیەوە نیە .

ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتحیش باسی لەوەکردووە ،  قبووڵی ناکەن سازشی سیاسی ببێتە ھۆکاری لێخۆشبوون لە تاوانباران و عامری دەشڵێت ، ئەو سەرکردانە زۆر رێگەیان خۆشکرد بۆ ئەوەی داعش بتوانێت دەست بەسەر رووبەرێکی فراوانی عێراقدا بگرێت  .

سەرباری ئەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بێ بەری بونی خۆیان لە ئازادکردنی ئەو سەرکردانەی سوننە دوپاتدەکەنەوە و دژایەتی دەکەن ، بەڵام سەدر ئاماژەی بۆ ئەو لایەنانە کردوە کە نزیکن لە ئێران و لە تویتەر نوسیویەتی ، لە پێناو پۆست و دەسەڵاتدا لەگەڵ ئەو توندرەوانە ئاشت دەبنەوە کە دەستیان بە خوێن سور بوە .

ھاوکات لەگەڵ ئەم وتانەدا، خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەری پێچەوانەی وتەکانی سەدر، نایشارێتەوە کە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی سەرکردە سوننەکان لە مەرجەکانیان بوە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ سەدر و ھاوپەیمانەکانی و  رایگەیاندوە، دروستکردنی ھاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ سێ ھاوپەیمانەکە ، بەو مەرجە بوە کە دۆسیەی ئەو سیاسییە سوننانەی لەلایەن دادگاوە داوا کراو بون یەکلابکرێتەوە ، خەمیس خەنجەر ئاشکراشیکردوە کە رێککەوتنیان ھەیە لەسەر ئەوەی حکومەتەکەی کازمی رۆڵی ھەبێت لە یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیەدا .

لە رۆژی ١٠ ی ئەم مانگەدا ، دادگای عێراقیی بڕیاری بێ تاوانیی بۆ رافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووتری دەرکرد کە تۆمەتبار بوو بە چەندین دۆسیەی گەندەڵی ،رۆژی سێشەممەی رابردووش گەرانەوەی شێخ عەلی حاتەم میری ھۆزی دلێم راگەیەندرا ئەوەش لەدوای دەرچونی بڕیاری بێتاوانیی لەو تۆمەتانەی سەبارەت بە تیرۆر ئاڕاستەی کرابوو.