لایەنە سیاسییەکانی نزیک ئێران لە عێراق رەخنە لە پڕۆژەی نەوتی بەسرە_عەقەبە دەگرن
کوردسات نیوز
١٧ی نیسانی ٢٠٢٢
لایەنە سیاسییەکانی ھاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق رەخنەی توند ئاڕاستەی ئەو پڕۆژەیە دەکەن و رایدەگەیەنن پەنا دەبەنەبەر دادگای باڵای فیدراڵی بۆ راگرتنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە_عەقەبە دەڵێن حکومەتی ئێستا عێراق کاربەڕێکەر دەسەڵاتی ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی لەو جۆرەی نییە.
"نوری مالکی" سەرکردە لە ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەش لەسەر ئەو پڕۆژەیە وتبووی، ھەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پێشێلکردنی دەستورە و پێچەوانەی یاسایە و پێویستی بە دادگای فیدراڵییە بۆ وەستاندنی.
"ئەحمەد موسەوی" ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگ پێی وایە، پڕۆژەکە سەرەتایەکە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بۆیە رێگە بە ئەنجامدانی نادەن، لە رۆژانی داھاتووشدا جموجۆڵیان دەبێت و لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە ھەوڵی راگرتنی دەدەن.
لێپرسراوێکیش لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە، ئەو ناڕەزایەتیانە تەنیا سیاسییە و پەیوەندی بە نیگەرانی ئێرانەوەیە لەسەر پڕۆژەکە ، چونکە ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە بۆ عێراق و لە گرێ کوێرەی دەروازە سنوردارەکان رزگای دەکات.
بە وتەی پسپۆڕان و شارەزایانی عێراقی، ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ ئوردن بۆ یەکەمین جار لە ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠١٣ لە نێوان حکومەتی مالکی و ئوردنی راگەیەندراوە، بەڵام ھاتنی داعش پڕۆژەکەی لە کارخست.
جارێکی تریش لە ساڵی ٢٠١٧ و لە حکومەتەکەی"حەیدەر عەبادی" ھێنرایەوە بەر باس و لیژنەیەکی وەزارەتی نەوت بۆ ئەو مەبەستە پێکھێندرا. لە ساڵی رابردووشدا حکومەتەکەی "مستەفا کازمی" لە پەراوێزی لوتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ ئوردن و میسر، تەئکید کرایەوە لە ھەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە، وەک یەکێک لە ھێڵە ستراتیژییەکانی وزە بۆ عێراق. بەپێی پڕۆژەکە، بۆرییەک بە درێژی ھەزار و ٦٦٥ کیلۆمەتر لە کێڵگەی بەسرە لە باشوری عێراق بەرەو بەندەری عەقەبەی ئوردن رادەکێشرێت.
تێچووەکەی لەنێوان ٧ بۆ ٩ ملیار دۆلاردایە و عێراق ھیچ بڕە پارەیەک نادات ، چونکە پڕۆژەکە لەڕێی وەبرھێنانەوە دەکرێت، ماوەی ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵیشی بۆ دیاری کراوە.
لە سەرەتادا ئەو پڕۆژەیە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، ھەروەھا عێراق ماف دەدات بە ئوردن بۆ کڕینی ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بە نرخێکی کەمتر لە نرخی نەوت لە جیھاندا.
لەو رێیەشەوە عێراق دەتوانێت توانای ھەناردەی نەوتی بگەیەنێتە زیاتر لە ٥ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و دەبێتەوە دیارترین وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، کەلە ئێستادا تەنھا ٣.٦ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.