ئەو کۆمەڵەیە کە بە "ئەپیکور" ناسراوە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لێدوانەکانی ئەم دواییانەی لێپرسراوانی عێراق کە دەڵێن رێککەوتن کراوە سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق_تورکیا، ھیچ بنەمایەکیان نییە، ناشزانن پاڵنەری پشت ئەو لێدوانە ھەڵانە چین. 

راشیگەیاند،  تائێستا ھیچ پێشنیازێک لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێم نەخراوەتەڕوو ھیچ رێککەوتنێکیش نەکراوە، مانگانەش عێراق بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمەوە یەک ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت. 

ئەپیکور ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژانی ٧ و ٩ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە بەغداد کراوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بەرەوپێشچوونێک نییە، ئامادەشن بۆ کۆبوونەوەی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە خێرایی، کە سودی بۆ ھەمووان ھەبێت.