حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری ئۆپیک پڵەس تایبەت بە چاودێری نرخی نەوت کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، باسی لەوەکرد، بەمەبەستی پاراستنی ھاوسەنگی لە خواست و خستنەڕوی نەوت لە بازارەکانی جیھان، ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا بۆ دوو مانگی داھاتوو ھەناردەی نەوت بەجێگیری بھێڵێتەوە.

وتیشی، سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ جارێکی دیکە لیژنەکەیان ھەڵسەنگاندن بۆ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیھاندا دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەش راسپاردەی خۆی بۆ کەمکردنەوە یان زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پێشکەش بە وەزیرانی نەوتی وڵاتان دەکات.