ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، بازرگانی نەوتی نێوان چین و ئێران وەستاوە، دوای ئەوەی تاران داوای بەرزکردنەوەی نرخی فرۆشتنی نەوتی لە چین کردووە کە گەورەترین ھاوردەکاری نەوتە لە جیھاندا.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکیش دەڵێت، بەھۆی بەھێزبوونەوەی رۆڵی جیۆسیاسی وڵاتەکەیەوە، ئێران سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، توانیویەتی ھەناردەی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.

ھەناردەی نەوتی ئێران ١٠٪ی خواستی چین بۆ بەکارھێنانی سوتەمەنی پڕدەکاتەوە، لە ١٠ ساڵی رابردوشدا ھەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بۆ بەرزترین ئاست زیادیکردووە و رۆژانە زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ئێران ھەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.