ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەدرێژەی ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ھاوڵاتییانی مەدەنی لە شەڕی کەرتی غەززە، واشنتۆن سزای قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمریکا بەسەر تەواوی ئەو کەسانە دەسەپێنێت، کە تێوەگلاون لە توندوتیژی بەرامبەر ھاوڵاتییانی مەدەنی لە کەناری رۆژئاوا و سزای دیکەشی بەدوادا دێت.

 ئەوەشی خستەڕوو، سزاکە ئەو کەس و لایەنانەش دەگرێتەوە، کە ڕێگرن لە گەیشتنی ھاوکارییەکان بە ھاوڵاتییانی کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا. 

ھاوکات، ماڵپەڕی ئاکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، سزاکەی واشنتۆن دەرخەری نیگەرانی ئەو وڵاتە لە پەرەسەندنی توندوتیژی ئیسرائیلییەکان بەرامبەر ھاوڵاتییانی مەدەنی کەرتی غەززە و چاوەڕوانیش دەکرێت، دەیان ھاوڵاتی ئیسرائیلی ئەو سزایەی بەسەردا بسەپێندرێت.