سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، وەفدێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەشاری ئەبوزەبی ئیمارات لەگەڵ لێپرسراوی پرۆسەی ھەناردە دەرەکییەکان بۆ پارەدارکردنی ھاوردەکان کۆبووەتەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون و یەکەمیان بریتییە لە رێککەوتن لەسەر پارەدارکردنی پێشوەختی ھەژماری پێنج بانکی عێراقی بە دۆلار لە بانکە ئوردنییەکان و حەواڵەکانیان لە رێگەی بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنی دووەم بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە حەواڵە رەتکراوەکانەوە ھەیە، بەڵام مەرجێک رەتکردنەوەکان پشتبەستوو بێت بە بەڵگەی بەھێز.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی عێراق راشیگەیاندووە، ھەر لە ئەبوزەبی چەند کۆبوونەوەیەکی تر کراون لە نێوان بانکێکی ئیماراتی و بانکی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریکی بە مەبەستی جێبەجێکردنی میکانیزمێک بۆ پارەدارکردنی بانکە عێراقییەکان بە درھەمی ئیماراتی.