لەوبارەیەوە پسپۆڕێکی نەوت بە ناوی بەھجەت ئەحمەد بە بەغداد الیومی راگەیاندووە، کۆمپانیای بوتاشی تورکی داواکاری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە، ئەوەش بە پاساوی بوونی کێشەی تەکنیکی لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتدا. 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراق جێگرەوە بدۆزێتەوە بۆ سودوەرگرتن لە نەوتی ھەرێم، چونکە راگرتنی ھەناردەکە زیانی ٤٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانەی لێکەوتووەتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوتی عێراق، لایەنی تورکیا ئاگادارکردەوە بۆ ئەوەی رۆژی ١٣ی مانگ ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تائێستا تورکیا وەڵامی ئەو داوایەی عێراقی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت نەداوەتەوە.

رۆژی ٢٥ی مانگی ئاداری ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سکاڵایەکی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاییکردەوە و بەبڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە راگیرا، دواتریش لە ٤ی ٤ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، رێککەوتن ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ دەستپێبکاتەوە.