ئەمڕۆ خولی راهێنان بۆ بژمێرەكان دەكرێتەوە و پێنج رۆژ دەخایەنێت
هادی
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٦٣
ئەمڕۆ خولی راهێنان بۆ بژمێرەكان دەكرێتەوە و پێنج رۆژ دەخایەنێت، كۆتایی ئەم مانگەش قۆناغی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، رۆژی دووشەممە خولی راهێنان بۆ سەرجەم بژمێرەكان دەكرێتەوە، لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و پێنج رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا بژمێرەكان راهێنانیان پێدەكرێت لەبارەی چۆنییەتی پڕكردنەوەی فۆرمی سەرژمێری و پێدانی زانیاری بە هاووڵاتییان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەدا هاتووە، ٣٠ی ئەم مانگە، قۆناغی كۆتایی پڕۆسەی سەرژمێری دەستپێدەكات، ئەو هاووڵاتییانەشی تاوەكو ئێستا بە هەر هۆكارێك بێت نەیانتوانیوە لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢٢ی مانگ، ناوی خۆیان تۆمار بكەن، لە قۆناغی كۆتاییدا دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن.