بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەسەرپەرشتی کۆمپانیای سۆمۆ پلانێکیان داڕشتووە بە مەبەستی زیاتر پێشخستن و گەشەپێدانی کەرتی نەوت بەتایبەتیش لە بوارەکانی بەرھەمێنان و زیادکردنی یەدەگی نەوت و فراوانکردن و گۆڕانکاری لە شێوازی رێگەکانی ھەناردەکردن و نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی نەوت لە پێناو زیادکردنی داھات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە بڕگەکانی پلانەکە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی بۆرییەکانی ھەناردەی نەوتە، کە لەئێستادا بەھۆی کۆنی سیستمەکەوە بڕێکی زۆر نەوت لەکاتی ھەناردەکردندا بەفیڕۆ دەچێت و ھەندێک لەبیرە نەوتەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاری و نۆژەنکردنەوە ھەیە، جەختیشیکردەوەتەوە، پلانەکە بەتەواوی ئامادەکراوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.