وەزارەتی پلاندانان: هەفتەی داهاتوو ئەنجامی بەرایی سەرژمێری رادەگەیەنرێت
کوردسات نیوز
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٣
رێژەی بەشداری لە سەرژمێری لە هەولێر گەیشتە ١٠٠٪ و لە سلێمانیش ٩٩.٩٩٪ سەعات ١٢ ی ئەمشەویش قۆناغی دووەمی پڕۆسەكە كۆتایی دێت و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان هەڵدەگیرێت.
دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رێژەی بەشداری لە سەرژمێری لە پارێزگای هەولێر گەیشتە ١٠٠ ٪.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رێژەی بەشداری لەسەرژمێری لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە ٩٩.٩٩٪ .
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو دوای كۆكردنەوەی داتاكان ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتی دانیشتووان رادەگەیەنرێت، دوو مانگ دواتریش ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.
وتیشی تیمەكان بەئامادەییەكی تەواو بەردەوامن لە سەردانیكردنی هاوڵاتییان بۆ ئەوەی تا سەعات ١٢ی ئەمشەو كە وادەكە درێژكراوەتەوە سەرجەمیان تۆماربكرێن.
هاوكات میقداد میری وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری رایگەیاند، سەعات ١٢ی ئەمشەو قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان هەڵدەگیرێت.