د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لیژنەکەیان پرسیاریان لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کردوە، سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە راپۆرتێکدا وەڵامی پرسیارەکەی داوەتەوە و جەختی لەوەکردۆتەوە، بە نیاز نییە گۆڕانکاری لە بەھای دۆلاردا بکات.

وتیشی، بەھای ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی پۆزەتیڤی ھەبووە و  تارادەیەکی باش  کورتھێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردوەتەوە، حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێک لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بداتەوە، ھەروەھا گۆڕانکاری لە بەھای دینار لە ماوەیەکی نزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و  دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی  ئابووری و رەوشی وەبەرھێنان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بانکی ناوەند پێی وایە دەکرێت حکومەت لەرێگەی بەخشینی کۆمەک و ھاوکاریی بۆ توێژی کەمدەرامەتان، ھەروەھا لەرێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی.