سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پێشھاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند بەردەوامی گرژییە ئەمنییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی مافەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر بڕیاری ئەمنی و سەربازی پێشلکارییەکی مەترسیدارە و سەقامگیری وڵات دەخاتە ژێر مەترسی ڕاستەقینەوە، بۆیە پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییەکان ھەڵوێستی جددیان ھەبێت بۆ ڕێگرتن لەو جۆرە ڕووداوانە و پشتیوانی دەوڵەت بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی چەک تەنھا لە دەست دەوڵەت. 


جەختیشیانکردەوە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە مانگی ئۆکتۆبەری داھاتوو ئەرکێکی دەستووری و نیشتمانییە، بۆیە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و پێویستە ببێتە دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە کێشە و ئاستەنگەکان کە وڵات پێیەوە دەناڵێنێت، تاوەکو گۆڕانکاری بنەڕەتی بێتەکایەوە بە ئاڕاستەی ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان بە ڕێگەی ئاشتی.