باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نیگەرانە لەوەی خۆپیشاندانەکانی بەغداد توندوتیژیی لێکەوتووەتەوە و بەھۆیەوە ٢ ھاوڵاتی کوژران و دەیانی تریش برینداربوون.


داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بکات و ئەو کەسانەی لە توندوتیژییەکان تێوەگلاون، دادگایی بکرێن.


بە پێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی عێراقیش، لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، ٢ خۆپیشاندەر کوژراون، ھاوکات کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقیش ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی بەغداد، زیاتر لە ١٥٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.


خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدایە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد ھاتنە ناوەوەی کاروانی سەربازیی چ لە سوپا یان پۆلیس یان حەشدی شەعبی بۆ بەغداد، قەدەغە کردووە، بەڵام بە پێی میدیاکان، سوپای عێراق تانکی لە نزیک دەروازەکانی ناوچەی سەوز لە بەغداد جێگیر کردووە.


ئەم بڕیارەش دوابەدوای دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی دێت لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی تێوەگلانی لە کوژرانی چالاکەوانێک لە پارێزگای کەربەلا.