لە بودجەی ٢٠٢١ی  عێراقدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٥ دۆلار خەمڵێنراوەو لە ئێستاشدا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان ٦٥ بۆ ٧٠ دۆلاردایە. 

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەو جیاوازیە گۆڕانکاری دروست ناکات بەو پێیەی بەرمیلێک نەوتی عێراق بە نزیکەی دوو دۆلار کەمتر لە نرخی جیھانی دەفرۆشرێت و دوو دۆلاری تری بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنەری نەوت دەچێت بەوەش تێچووی یەک بەرمیل نەوت دەگاتە ١٥ دۆلار و بەو پێیەش ئەو زیادەیەی کە دەمێنێتەوە لە جیاوازی نرخی خەمڵێنراو و ڕاستەقینەی بازاڕدا زۆرکەمە.

وتیشی، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە مانگەکانی داھاتوودا دەکرێت سوود لەو زیادەیە وەربگیرێت بۆ بوودجەی تەواوکاری ئەمساڵ  کە بە ھۆی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتی نوێ، پەسەند کردنی بودجەی ساڵی داھاتوو زۆر دوادەکەوێت.