تەندروستی عێراق پلانی ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ٥٠٪ی ھاووڵاتیان ڤاکسین وەربگرن
١٦ی ئایاری ٢٠٢١
٧٨٤
"سەیف بەدر" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڤاکسین وەردەگرن لە ٢٠٪ەوە بۆ ٥٠٪.
وتیشی، تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ھەزار عێراقی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەو ژمارەیەش کەمترە لەو ژمارەیەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی دیاری کردووە، چونکە پێویستە لانی کەم ٨ ملیۆن عێراقی ڤاکسین وەربگرن.
"سەیف بەدر" ئاماژەی بەوەشدا کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بە مانای کۆنترۆڵکردنی پەتاکە نایەت، چونکە ڤایرۆسەکە مەترسیدارە و گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات، وتیشی ھەموو رێکارێکیان گرتۆتە بەر بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای ھندی.