لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن ھاوڵاتیانەوە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سەرتاسەری کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەندرابوو.


بریاریش دراوە کار بە بریاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار بکرێت کە لە ٩ی شەو تا ٥ی بەیانی دەبێت، بەڵام بڕیاری داخستنی دوکان و چێشتخانە و قاوەخانەکان تەواوی ڕۆژانی جەژن بەردەوام دەبێت و ڕێگە بە گەشتی بە کۆمەڵ لە نێوان پارێزگاکان نادرێت.


پێش بڕیارەکەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی، ژمارەیەک لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بڕیاریاندا پابەند نەبن بە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی گشتگیر و بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی سنوردار پەیرەو بکەن.