کازمی، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان و تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پێکھێنانی حکومەتەکەی، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بگونجێت لەگەڵ ئیرادەی گەل، ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش وەک دوا وادە بۆ پڕۆسەکە دیاریکراوە و ھەموو ھەوڵ و تواناکانیان لەو پێناوەدا خستووەتە گەڕ.


جەختیشی کردەوە، لەسەر ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەی داوە سورە و بەشداری ھەڵبژاردن ناکات و پشتیوانی ھیچ ھێزو لایەنێکیش ناکات.


وتیشی، حکومەتەکەی لە ڕەوشێکی سەخت و قەیرانی داراییدا لە دایکبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا دەستکەوتی باشی ھەبووە، لەوانەش کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کڕینی چەندین جۆر ڤاکسین. ڕەتیشیکردەوە، عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ھەرێمی و نێودەوڵەتی.