"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی کار چاودێری و چاککردنەوەی فڕۆکەکانی ئێف ١٦  دەکەن، کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر بەرزکردنەوەی توانای ھێزە عێراقییەکان، بە کشانەوەی کارمەندانی کۆمپانیای "لوکھید مارتن"یش کە کاری چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە دەکەن، کاریگەری لەسەر مەشق و راھێنان و تەواوکردنی پڕۆگرامەکان بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە عێراقییەکان دروست دەکات. بە وتەی "خەفاجی"، فڕۆکەکانی ئێف ١٦ بڕبڕەی پشتی ھێزەی ئاسمانی عێراقن لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.


کۆمپانیای "لوکھید مارتن"ی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەھۆی ھەڕەشەی ئەمنییەوە کارمەندانی لە بنکەی سەربازی "بەلەد" دەکشێنێتەوە و بەشێکیان بەرەو ئەمریکا و بەشێکیان بەرەو ھەولێر دەگوازێتەوە، تا گرەنتی کردنی ئەمنییەتیشیان ناگەڕێنەوە.