پێوەند بە تاوتووێ کردنی پرسی ئاشتی و درێژەدان بە گفتوگۆکانەوە، توڵای هاتیمۆغوللاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەمپارتی) سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) یان کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە، و توڵای هاتیمۆغوللاری لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند: کۆبونەوەیەکی بەرهەمدارمان کرد و بەردەوامدەبین لەمکۆبونەوانە.

لە کۆنگرەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، جەختیان لە ئامادەکردنی پاکێجێک کردووەتەوە بۆ گۆرانکاری لە هەندێک خاڵی دەستووری تورکیا و ئامادەکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد لە تورکیا.

لای خۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل بەرپرسی جەهەپە رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە هەوڵێکن بۆ ئەوەی چیتر دایکانی کورد و تورک بۆ رۆڵە شەهیدەکانیان نەگرین و کاردەکەین بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەی ئاشتی. 

گفتوگۆکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلییەوە دەستی پێکرد، کە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات و دواتر، 
وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024 لە زیندانی ئیمڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، و پەیامی ئۆجەلانیان گەیاندە حزبە سیاسییەكانی توركیا، و هەرێمی کوردستان و لە ئێستاشدا لەپاش پەیامی ئۆجەلان بۆ پەکەکە کە تیایدا هاتبوو" چەک دابنێن و کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە سازبدەن" وەفدەکە بەردەوامە لە سەردانەکانی بۆ لای لایەنەکان.