ئەندامێكی لیژنەی دارایی هۆشداری لە سەپاندنی سزای ئەمریكا بەسەر بانك و دامەزراوە داراییەكانی عیراقدا دەدات و دەڵێت، تائێستا هیچ پلانێكی حكومی روون نییە، بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراو و كەرتی ئابووری لە عیراقدا.

مستەفا كەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەر سزایەكی ئەمریكا بۆ سەر بانك و دامەزراوە داراییەكانی عیراق، لەناوخۆی وڵاتدا خواست لەسەر دۆلار زیاد دەكات و نرخی ئەو دراوە بەرانبەر دینار بەرز دەكاتەوە، ئەوەش سەقامگیری و هاوسەنگی بازاڕی دراوی عیراق تێكدەدات.

وتیشی، پێویستە بانكی ناوەندی سیستمێكی گونجاو و راستەقینە بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراوی عیراق بدۆزێتەوە، بە پێچەوانەوە ناسەقامگیری بازاڕی دراو درێژخایەن دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، تائێستا حكومەتی عیراق سەركەوتوو نەبووە لە داڕشتنی پلانێك بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراو و كەرتی دارایی و نرخی دۆلار بەرانبەر دینار.