سەرۆک کۆمار: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی لە پێشینەی نیشتمانییە
سام
١٩ی شوباتی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە 19-2- 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە دادوەر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان.
لە میانی دیدارەکەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان دەزگای چاودێری فیدراڵی و هاوتاکانیان لە هەرێم کرا، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی بنەماکانی لێپرسینەوە و دەستپاکی و شەفافیەت لە دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پاڵپشتیکردنی دەزگاکانی چاودێری تا توانای ئەوەیان هەبێت کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکانیان بەجێبگەیەنن، جەختیکردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی لە پێشینەی نیشتمانییە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.
لای خۆیەوە دادوەر ئەحمەد ئەنوەر باسی لەو ڕێوشوێنانەدا کرد کە دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گرتوویەتیە بەر، جەختیشیکردەوە لەسەر پابەندبوونی دەستە بۆ کارکردن بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگاکانی چاودێری فیدراڵی بۆ هێنانەدی ئامانجە نیشتمانییەکان لەم بوارەدا.