سەرۆک کۆماری عیراق و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتیان تاوتوێ کرد
محەمەد رزگار
٨ی شوباتی ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە بەغداد پێشوازیکرد لە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران .
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری وڵات تاوتوێ کرا، هاوکات باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاستی هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرا، بۆ یاسادانان و دەرکردنی یاسا گرنگەکان بە شێوەیەک کە ویستی گەل بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەدیبهێنێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە چەسپاندنی بناغەکانی هاریکاریی هاوبەش هەیە لە نێوان هەموو هێز و پێکهاتە نیشتمانییەکان، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عیراق و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی.
لای خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دەربڕی و جەختیکردەوە، لەسەر پەرۆشی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانی لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی.