سەرۆكی لوبنان كابینەی نوێی حكومەتی وڵاتەكەی بە بەشداری 24 وەزارەت و بە سەرۆكایەتی نەواف سەلامی سەرۆك وەزیران ئیمزا كرد.

سەرۆكایەتی كۆماری لوبنان پێكهێنانی حكومەتی نوێی لە 24 وەزیر بە سەرۆكایەتی نەواف سەلام راگەیاند و دەڵێت، حكومەتی نوێ چاكسازییە ئابورییەكان جێبەجێ دەكات، سەرۆك وەزیرانی نوێش جەختی لەسەر چاكسازی و گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان كردەوە.

دەشڵێت، لوبنان بڕیارنامەی 1701ی نەتەوە یەكگرتوەكان جێبەجێ دەكات، كە لە ساڵی 2006 كۆتایی بە شەڕی پێشوی حزبوڵا و ئیسرائیل هێنا، بۆیە هیوادان لەم كابینە نوێیەدا حكومەتێكی چاكسازی و رزگاری بێتە ئاراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی لوبنان دوای زیاتر لە سێ هەفتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی وڵاتەكە پێكهێنرا و پۆستەكانی حكومەتیش بەپێی سیستمی پشك دابەشكراون.