مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە، وتەبێژی یەكێتی دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەردەوام دەبن بۆ تاوتوێكردنی چەند بابەتێك.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كوردسات نیوز راگەیاند، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا چەند بابەتێكی گرنگی رێكخراوەیی و جێبایەخی كاری سیاسی، لەگەڵ بابەتە چارەنوسسازەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە تاوتوێكران، بە تایبەت پرسی سەفەرەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ دەرەوە.

وتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ كۆدەبێتەوە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكان بریتییە لە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەنجامانەی كە هەردوو وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی پێیگەشتوون بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

باسی لەوەشكرد تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكان بریتییە لە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی، هەروەها تاوتوێی هەوڵەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە دەكرێت.