دادگای ئامەد بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسییەی نارین گورانەوەدا و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دایك و مام و برایەكی ناریندا سەپاند.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە ئامەد رایگەیاند، دادگای ئامەد لە چوارەمین دانیشتنیدا لەبارەی دۆسییەی نارین گورانەوە بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوەدا، لە بڕیارەكەشیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دایك و مام و برایەكی نارین گوراندا سەپاند، كە تۆمەتباری سەرەكی دۆسییەكەن، هەروەها سزای زیندانی چوار ساڵ و شەش مانگی بەسەر نەوزاد بەختیار دراوسێیەكی ماڵی ناریندا سەپاند، كە بە دانپێدانانی خۆی تەرمی نارین گورانی شاردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سزایەی بەسەر دایك و مامی و برای نارین گوراندا سەپێنراوە، لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، تائێستا دادگای ئاماد چوار جار دانیشتنی لەبارەی دۆسییەی نارین گورانەوە بەڕێوەبردووە و لە چوارەمین دانیشتنیشیدا، كە سێ رۆژی خایاند، دادگا دەرفەتی دایە تۆمەتباران و پارێزەرەكانیان کە بۆ دوایین جار بەرگری یاسایی لە خۆیان بكەن.
نارین گوران، لە ٢١ـی ئابی ئەمساڵ لە گوندی چولی سەر بە شارۆچكەی رەزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو، دواتر لە ٨ـی ئەیلول تەرمەكەی لە ناوچەی ئۆغڵاری سەر بە ئامەد دۆزرایەوە، لە ئێستاشدا ١٢ كەس بە تۆمەتی كوژرانی نارین دەستگیركراون.