فه‌رمانده‌ی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" رایدەگەیەنێت، هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ كاره‌ساتێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شاری كۆبانی ده‌كات، ئاماژە بەوەشدەکات، پێیانوایه‌ سوریا ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكی نا ناوه‌ندیی فره‌یی دیموكراتی هەبێت.

 

"مه‌زڵوم عه‌بدی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) رایگەیاند، "له‌ رۆژی دووه‌می ئۆپەراسیۆنی (ردع العدوان)وه‌، هه‌ماهه‌نگی مه‌یدانیمان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ سوریا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ دانوستانێكی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ته‌حریری شام نییه‌".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ رۆژی دووه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ته‌حریری شام دروستبووه‌، بۆ خۆبه‌دوورگرتن بووه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان هێزه‌كانمان له‌ هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی حه‌له‌ب، هه‌روه‌ها بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كا‌مپه‌كانی ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت، كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌كانی هاوپه‌یمانی توركیاوه‌ ڕووبه‌ڕووی هێرش بوونه‌وه‌، تائێستاش ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌رده‌وامه‌".

ئەوەشی خستەڕوو، "هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ كاره‌ساتێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شاری كۆبانی ده‌كات، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌لایه‌ن توركیاوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشنیازمان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ناوچه‌یه‌كی له‌چه‌ك داماڵراو، به‌ڵام تائێستا ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌".