وەفدی عیراقی داوای پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی سنورەكانی سوریای كردووە
ئاکام
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەفدێكی هەواڵگری عیراق گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و عیراق داوای پاراستنی سنورەكان و دەستوەرنەدان لە كاروباری سوریای كردووە.سوریاش دڵنیایی داوەتە عیراق
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، وەفدێكی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری چووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا و وەزیری دەرەوە و هەواڵگری سوریا كۆبوەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەوشی ئێستای سوریا.
سەرچاوەیەكیش لە وەفدی عیراق رایگەیاندووە، وەفدەكەیان داوای پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی سنورەكانی نێوان هەردولای كردووە بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكان دزە نەكەن ناو عیراق و لەو رێگەیەوەی هێرش نەكرێتە سەری.
وتوشیەتی، عیراق داوای دڵنیایی لە سوریا كردووە لە رووی سنورەكان و سەقامگیری و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی یەكتری.
دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی سوریا، یەكەمجارە عیراق وەفدی رەسمی رەوانەی ئەو وڵاتە دەكات.