کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی راپەرینی شاری هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە
رەوەز
١٠ی ئازاری ٢٠٢٥
کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی شاری هەولێر، رایگەیاند ئەم بۆنە مێژووییە وێستگەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و گەیشتن بە ئامانجە وەدینەهاتووەکان.
دەقی پەیامەکە:
جەماوەری خۆڕاگرو تێکۆشەری شاری هەولێر
ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێری پایتەخت، هەولێری قەڵاو منارە لە هەمووتان پیرۆز دەکەم و ئومێد دەکەم ئەم رۆژە مێژووییە ببێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد و گەیشتن بە ئامانج و ئاواتە وەدینەهاتووەکانمان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان.
(٣٤) ساڵ لەمەوبەر، بە شانازییەکی گەورەوە لەلایەن بەرەی کوردستانی بۆ سەرپەرشتی ئازادکردنی هەولێر راسپێردراین، لەگەڵ بروسکەی (لە باوکی رێناسەوە بۆ شانە چەکدارەکانی بروسک، لێتانەوە نزیکین دەستبەکاربن) لەگەڵ خەڵکی شارەکە، شانە چەکدارەکان و رێکخستنە نهێنییەکان راپەڕین و لە کەمترین کاتدا شارەکەمان لە رژێمی بەعس پاککردەوەو جاڕی سەرکەوتنمان لێدا، لە بەردەم قەڵای سەربەرزی هەولێر سەرکەوتنمان راگەیاند.
هەولێرییە تێکۆشەرەکان
بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە هەولێر چەقی ململانێ بووەو هەولێرییەکان قارەمانانەو خۆڕاگرانە بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە و سەروەرییان تۆمار کردووە، بۆیە ئەرکی هەموومانە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی شارەکەو خەڵکەکەی بکەین و لەئاست مێژوو و گەورەیی هەولێر بین، هەولێر بکەینە نموونەی پێکەوەژیان و خزمەتکردن بەبێ جیاوازی، نابێ کەسمان ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەمیشە هەولێرییەکان میواندۆست و بەوەفاو خاوەن هەڵوێستن.
جارێکی تر ئەم رۆژە پیرۆزە لەپێشمەرگە قارەمانەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرو تەواوی خەڵکی هەولێر پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین دادەنوێنین.