سێرگی لاڤرۆڤ لە گەرمەی توندبوونەوەی فشارەكانی ئەمریكادا بۆ سەر ئێران، بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەك دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە گەیشتە تاران.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەگەڵ عەباس عراقچی هاوتا ئێرانییەكەی و بەرپرسانی دیكەی وڵاتەكە كۆبووەوە.

وەزارەتی دەرەوەی روسیاش سەبارەت بە ناوەڕۆكی دیدارەكان بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەكان تایبەتن بە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی ئێران و روسیا و گفتوگۆكردن لەبارەی پرسە هەنووكەییە نێودەوڵەتییەكان.

راشیگەیاند، دوایین پێشهاتەكانی یەمەن و سوریا و رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا تاوتوێ كراون.

سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی روسیا لە كاتێكدایە، لەگەڵ گەڕانەوەی ترەمپ بۆسەر دەسەڵات جێبەجێكردنی سیاسەتی "توندترین فشار"ی بۆ سەر ئێران دەستپێكردووە، بۆیە مۆسكۆ و تاران چاویان لەوەیە هاوكارییەكانیان لە بواری ئابووری و سەربازیدا فراوانتر بكەن.