بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە لە ویلایەتی کێنتاکی ئەمریکا 9 کەس گیانیان لەدەستدا
هەساو ئەمیر
١٧ی شوباتی ٢٠٢٥
بەهۆی شەپۆلی بەفر و باران و دروستبوونی لافاوەوە لە ویلایەتی کێنتاکی ئەمریکا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵێکی حەوت ساڵانە.
شەپۆلێکی بەفر و باران و رەشەبای بەهێز چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە و نەدا بەشیر حاکمی ویلایەتی کێنتاکی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی ویلایەتەکەی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە لافاو دروست بووە و تاوەکو ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دووانیان دایک و منداڵێکن و منداڵەکە تەمەنی حەوت ساڵانە.
باسی لەوەشکرد، لە چەندین شوێنی ویلایەتەکەدا ئۆتۆمبێلەکان پەکیان کەوتووە و لافاو زیانی بە سەدان ماڵ گەیاندووە.
داواش لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کراوە کە مەترسی لافاویان لەسەرە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و دووربکەونەوە لەو ناوچانەی مەترسیدارن.
هەر بەهۆی زریان ولافاوەوە کارەبای چەندین ناوچە بڕاوە و نزیکەی 39 هەزار ماڵ بێکارەبا بوون.
لەلایەکی دیکەوە کەشناسی هۆشداری داوە لە دەستپێکردنی رەشەبایەکی بەهێز، کە ئەوەش کاریگەریی زیاتر دەکاتە سەر بڕینی کارەبا.
هەر بەهۆی ئەو زریان و لافاوەوە، دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە بە خەرجکردنی بڕەپارەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیانەکان و رزگارکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی مەترسیان لەسەرە.