هەسەدە: لە 24 سەعاتی ڕابردودا 23 چەکداری هێزەکانی سەر بە تورکیا کوژراون
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بۆردومانەکانی تورکیا و هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە بۆ سەر بەنداوی تشرین بەردەوامە ، هێزەکانی ''هەسەدە''ش بڵاویکردۆتەوە لە 24 سەعاتی رابردودا، 23 چەکداری هێزەکانی سەر بە تورکیا کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
لەگەڵ بەردەوامی بۆردوومانەکانی تورکیا و هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە بۆ سەر بەنداوی تشرین هێزەکانی سوریای دیموکراتیش ''هەسەدە'' روبەروی ئەو هێرشانە وەستاونەتەوە و بەنداوەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ''هەسەدە''یە.
سەنتەری راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا، ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ناوچەکانی باشوری مەنبەج، 23 چەکداری هێزەکانی سەر بە تورکیا کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئامارەکانی روانگەی سوری، لەماوەی زیاتر لە مانگێکی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین، تا ئێستا 370 کەس کوژراون کە زۆربەیان لە ریزی گروپە چەکدارەکانن.
بەنداوی تشرین دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیژیی لەنێوان پارێزگاکانی حەلەب و رەققە و حەسەکە، بەیەکێک لە گرنگترین بەنداوەکانی سوریا دادەنرێت کە لە ساڵی 1999 لەسەر روباری فورات دروستکراوە و سەرچاوەی وزەی کارەبا و ئاوی ناوچەیەکی بەرفراوانی ناوچەکانی باکوری سوریایە.