دژی هێرشەكانی توركیا چالاكی ئێشكگریی لە بەنداوی تشرین دەستی پێكرد و خۆبەڕێوبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش رایگەیاند، ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بێت كارەساتی مرۆیی روودەدات.

سەدان كەس لە دانیشتوانی كانتۆنەكانی جزیرە و رەققە و تەبقا دژی هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تەشرین لە شەوی رابردووەوە دەستیان بە ئێشكگریی كردوە و وەك قەڵغانێك لە نزیكی ئەو بەنداوە جێگیر بون.

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە بەهۆی هێرشەكانی دوێنێی توركیا دژی كاروانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە نزیك بەنداوی تشرین سێ كەس شەهیدبوون و ١٥ كەسی دیكەش برینداربون.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە ئەگەر توركیا و چەكدارانی سوریی سەر بە توركیا ئەو وڵاتە بەردەوام بن لە هێرشكردنە سەر بەنداوەكە دوور نییە كارەساتی مرۆیی رووبدات، چونكە هێرشەكانی رابردوش زیانی زۆری بە بەنداوەكە گەیاندوە و ژیانی هەزارن كەس كەوتوەتە مەترسییەوە.