مەزڵوم كۆبانێ: دوای رێككەوتنێكی گونجاو ئامادەین ببینە بەشێك لە سوپای سوریا
٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەڵێت ئامادەن پاراستنی سنوورەكان رادەستی دیمەشق بكەن و دوای رێككەوتن لەسەر شێوازێكی گونجاو ببنە بەشێك لە سوپای سوریا.
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" رایگەیاند، پێویستە سوریا بە یەكڕیزیی و یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام دەبێت بڕیاردان لەسەر شێوازی حوكمڕانی بۆ گەلی سوریا و گفتوگۆ دەستورییەكان بەجێبهێڵرێت و پێویستە لە رێگەی گفتوگۆوە ئاسایش و سەقامگیری بۆ سوریا بگەڕێنرێتەوە و جارێكی تر دەست بە ئاوەدانكردنەوە بكرێتەوە.
وتیشی، ئامادەن پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان رادەستی دیمەشق بكەن و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش ببنە بەشێك لە سوپای نوێی سوریا، بەڵام دوای رێككەوتن دێت لەسەر شێوازێكی گونجاو كە لە بەرژەوەندی هەمووان بێت، هەرچەندە تائێستا لەگەڵ دەستەی تەحریر شام نەگەیشتوونەتە قۆناغی گفتوگۆی راستەوخۆ.