بۆ یەكەم جار لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بە ڤیدیۆ گفتوگۆی لەگەڵ نێرگز محەمەدی خاوەنی خاڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی كرد، كە ئێستا بە كاتی و بۆ چارەسەر لە زیندان ئازادكراوە.

لیژنەی باڵای سەرپەرشتیكردنی خەڵاتی نۆبڵ بڵاویكردووەتەوە، بۆ یەكەم جار توانیویانە لە رێگەی ڤیدیۆ گفتوگۆ لەگەڵ نێرگز محەمەدی بكەن كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی لە ساڵی ٢٠٢٣ و ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەكی كاتی لە زیندان ئازادیانكردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەو گفتوگۆیەدا نێرگز محەمەدی وتویەتی لەبەرئەوەی لە بەشی ژنان لە گرتووخانەی "ئیفین لە تاران هیچ هۆكارێكی ئاشكرای پەیوەندی و زانینی هەواڵی دەرەوە نییە، یەكێك لە هاوڕێ‌ ژنە زیندانیكراوەكانی بە نهێنی پەیوەندی بە هاوسەرە زیندانیكراوەكەیەوە لە بەشی پیاوانی گرتووخانەكە كردووە، لەو رێگەیەوە زانیویەتی كە بووەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و لەو كاتەشدا هەموو ژنانی ناو گرتووخانەكە هاوریان كردووە: "ژن، ژیان، ئازادی".