سەرۆك كۆماری ئێران دەڵێت، گەلی سوریا تەنها بڕیاردەرە لەبارەی داهاتووی حوكمڕانی وڵاتەكەی و عراقچیش دەڵێت، مەترسیان هەیە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا.

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە بە زوترین كات شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە سوریا كۆتایی بێت بۆ ئەوەی كە ئاشێكی ئاشتیدا دەرفەتی بڕیاردان بۆ گەلی ئەو وڵاتە دروستببێت بە مەبەستی دیاریكردنی چارەسنووس و داهاتووی وڵاتەكەی دوور لە توندوتیژی و دەستوەردانی دەرەكی وێرانكەر.

وتیشی، داوا لە هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەكەن خۆیان بە دوور بگرن لە تێكەڵبوون لەگەڵ ئیسرائیل.

لای خۆیەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران مەترسی هەیە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و تایفی لە سوریا كە ببێتە شوێنێك بۆ سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هۆكاری سەرەكی رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدیش سوپای سوریا بوو كە هیچ بەرگرییەكی نەكرد، لەكاتێكدا پێشتر هەواڵگری ئێران هەموو زانیارییەكی رادەستی سوپای سوریا كردبوو كە خودی ئەسەدیش تووشی شۆك بوو لە وەڵامنەدانەوەی سوپای وڵاتەكەی بۆ هێرشی گرووپە چەكدارەكان.