سەرۆك وەزیرانی سوریا رایگەیاند، ئەسەد پێش هەڵهاتنی هیچ پەیوەندیەكی بە حكومەتەوە نەكردووە، باڵیوزی ئێرانیش دەڵێت ئەسەد ناچاربووە ئەو بڕیارە بدات.

محەمەد غازی جلالی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەی سوریا رایگەیاند، رۆژی یەك شەممە سوپای سوریا بە تەواوەتی لە دیمەشقی پایتەخت كشایەوە، ئەوەش وایكرد گروپە چەكدارەكان بە بێ شەڕكرن كۆنترۆڵی بكەن.

وتیشی، بەشار ئەسەد بەرەبەیانی یەك شەممە دیمەشقی بەجێهێشت و هەڵهات، بەڵام پێش هەڵهاتنەكەی هیچ پەیوەندیەكی بە حكومەتەوە نەكردووە و كەس ئاگاداری هەڵهاتنەكەی نەبووە.

هاوكات، حسێن ئەكبەری باڵیوزی ئێران لە دیمەشق رایگەیاند، ئەسەد پێش هەڵهاتنی كۆبونەوەیەكی ئەنجامداوە بەهۆی ئەوەی سوپای سوریا لە دوای كەوتنی "حمس"ـەوە هیچ بەرگرییەكی نەكردوە و لە هەموو ناوچەکان دەکشایەوە، بڕیاریدابوو دەسەڵات بە ئاشتیانە و بە بێ خوێن رشتنی زیاتر رادەستبكات.